توركیا.. زیاتر لە نیو ملیۆن منداڵی خوار تەمەن ١٨ ناچار بە كاركردن دەكرێن
غەمزە ئاككووش ئیلگەزدی ئەندام پەرلەمانی جەهەپە، بە پشت بەستن بە دەزگای ئاماری توركیا چەند زانیارییەكی لەسەر منداڵان لە توركیا ئاشكرا كرد.
ئەو قسەی بۆ ماڵپەڕی (T24)ی توركیا كردووە و ئاشكرای دەكات، لە توركیا منداڵی تەمەن ١٥ بۆ ١٧ ساڵی رێژەكەیان سێ ملیۆن و ٦٤٩ هەزار دەبێت، لەو رێژەیە ٥٧٤ هەزاریان ئەوەندە هەژارن، لەلایەن باوك و دایكیانەوە ناچار بە كاركردن دەكرێن.
بە پشتبەستن بەو ئامارە، غەمزە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، لە هەر ١٠٠ منداڵی تەمەن ١٥ بۆ ١٧ ساڵ، ١٦ منداڵیان ناچار بە كاركردن دەكرێن.
هەر بە گوێرەی زانیارییەكان، رێژەی منداڵی هەژار لە توركیا ٣٢٪ دەبێت، بۆ نموونە لە ٢٠١٧ لە تەواوی توركیا ٦ ملیۆن و ٨٩٣ هەزار منداڵی تەمەن ١ بۆ ١٨ ساڵی بە هەژاری دەژیان، هەروەها ئەو رێژەیە لە ٢٠١٨ بەرز بووەتەوە بۆ ٧ ملیۆن و ٣٣٦ هەزار. تاكوو ئێستاش دیار نییە لە ٢٠٢٠دا ئەو رێژەیە چەندی تر بەرز ببێتەوە.
باسنيوز
