نرخی نەوتی جیهانی بەرز بووەوە
نرخی نەوتی جیهانی بەرز دەبێتەوە، دوای ئەوەی گەیشتە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-4-2020، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە بازاڕە جیهانییەکان گەیشتە 22 دۆلار و 24 سەنت، کە بە رێژەی %9.28، نرخەکەی بەرز بووەتەوە.
پێش چەند رۆژێک، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و شەڕی نەوتیی سعودیە و رووسیا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت دابەزی و گەیشتە 16 دۆلار.
رۆژی یەکشەممە 12-4-2020، ئۆپیک پڵەس (وڵاتانی ئەندام و نائەندامی ئۆپیک) گەیشتنە رێککەوتنێکی مێژووویی بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە سەرەتای مانگی 5ـی ئەمساڵ، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی نرخەکەی.
ئۆپیک رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی جیهانییە و ئێستا لە وڵاتانی عێراق، سعودیە، ڤەنزوێلا، ئیماراتی عەرەبی، نایجیریا، لیبیا، کوێت، ئێران، گابۆن، ئەنگۆلا و جەزائیر پێک دێت.
تا ئێستا دوو ملیۆن و 639 هەزار و 722 کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 184 هەزار و 280 کەس گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
