نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا لە ئیسپانیا داخرا
جۆزێفا کاراسکۆسا، دوایین نەخۆشی نەخۆشخانە کاتییەکە دەڵێ "بە دۆخێکی زۆر خراپەوە هاتم بۆ ئێرە، ئۆکسجینیان بۆ بەستبووم، نەمدەتوانی هەناسە بدەم، بەڵام دواتر وردە وردە باشتر بووم".
نەخۆشخانەکە لە مانگی ئادارەوە تایبەت بە تووشبوانی کۆرۆنا کراوەتەوە و ناوی لێندرابوو پاڤیلۆنی حەوتە. لەو نەخۆشخانە کاتییە زیاتر لە 900 تووشبووی کۆرۆنا هەبوون، بەڵام سەرجەمیان چاکبوونەتەوە و ئێستا گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان.
ئەنتۆنیۆ زاپاتێرۆ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێ "دوای ئەوەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا چەند نەخۆشێکمان هەبوون و ئێرەیان بەجێهێشت، ئەم دوانیوەڕۆیە نەخۆشخانەکەمان کە پاڤیلۆنی حەوت بوو، داخست. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە گوشارەکان لەسەر نەخۆشخانەکانی مەدرید بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە".
لە مانگی کانوونی دووەمی 2020 کۆرۆنا گەیشتە ئیسپانیا، تاوەکو ئێستا لەو وڵاتە زیاتر لە 208 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لانیکەم 21 هەزار و 717 کەس گیانیان لەدەستداوە و 85 هەزار و 915 کەسی دیکەش چاکبوونەتەوە، داخرانی ئەو نەخۆشخانەیەش نیشانەی دەرکەوتنی ترووسکایی رووناکییە لە کۆتایی تونێلەکە و سەرکەوتنە بەسەر کۆرۆنا لەو وڵاتدا.
رووداو
