پێنج پارتی سیاسی لە توركیا داوای گەڕانەوەی سیستەمی پەرلەمانی دەكەن
لە كاتی دروستبوونی كۆماری توركیا و پەرلەمانی توركیا لە ٢٣ی ٤ی١٩٢٠ بە سەرۆكایەتیی مستەفا كەمال ئەتاتورك، سیستەمی توركیا پەرلەمانی بووە، بەڵام رەجەب تەییب ئەردۆغان لە ٢٠١٨ لە ریفراندۆمێكدا توانی سیستەمی توركیا بكاتە سەرۆكایەتی و ئیدی پێگە و ئیرادەی پەرلەمانی لەڕووی سیاسی و یاساییەوە لاواز كرد.
دەنیز زەیرەك نووسەری دیاری رۆژنامەی (سۆزجو)ی توركیا، لە نووسینێكدا نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت بەوەی لە سیستەمی ئەتاتورك لایان داوە و پەرلەمان لە توركیا پێگەی نەماوە.
ئەو نووسەرە پێی وایە، ئیدی لە توركیا شتێك نییە بەناوی گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، بەڵكوو ئیدی هەموو شتێك هەر سەرۆك قسەی لەسەر دەكات.
راستە ئەتاتورك سیستەمێكی پەرلەمانیی دروست كرد، بەڵام تا خۆی سەركۆمار بوو هەموو شتێكی هەر لەلای خۆی هێشتبووەوە و دەسەڵاتی سیاسی بەتەواوی كۆنتڕۆڵ كردبوو، تەنانەت تا ئەو لە ژیاندا مابوو، نەیهێشت هیچ پارتێكی سیاسی لە توركیا دروست ببێت، جگە لە جەهەپە.
بەڵام هەموو بڕیارە سیاسییەكانی دەبردە پەرلەمان و لەوێش چونكە هەر جەهەپەی لێ بوو، ئیدی بە كۆی دەنگ بڕیارەكان بە یاسایی دەكرا.
هەریەك لە جەهەپە و هەدەپە و پارتی باش و ئایندە و دەوا، كە ٥ پارتی ئۆپۆزسیۆنن لە توركیا، داوا دەكەن سیستەمی سیاسی لە توركیا بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمانی، چونكە دەركەوت لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا تاكڕەو دروست دەبێت. ئەوان پێیان وایە ئەردۆغان بەرەو تاكڕەوی دەڕوات و هەموو دەسەڵاتی لەدەستی خۆیدا هێشتووەتەوە.
بەڵام ئەردۆغان و ئاكەپە و مەهەپە، دەڵێن ئیدی سیستەم بووەتە سەرۆكایەتی و تا ئێوە لە پەرلەمان نەبنە زۆرینە و ریفراندۆمێكیتر نەكرێتەوە، سیستەمی سەرۆكایەتی حوكمی توركیا دەكات.
باسنيوز
