نرخی یەك بەرمیل نەوت گەیشتە یەك دۆلار

 نرخی یەك بەرمیل نەوت گەیشتە یەك دۆلار
ئەمشەو بۆ یەكەم جار لە مێژوودا، نرخی یەك بەرمیل نەوتی ئەمریكی گەیشتە یەك دۆلار.


دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلی نەوتی خاوی رۆژئاوای تیكساس بە ڕێژەیەكی بەرز دابەزی و گەیشتبووە 10 دۆلار، پێش كەمێك بازاڕی نەوتی ئەمریكی بە تەواوی داڕما و یەك بەرمیل نەوت نرخی گەیشتە یەك دۆلار.


بەم شێوەیە نرخی نەوتی خاوی ئەمریكی بە ڕێژەی 94٪ دابەزی و لە مێژووی پیشەسازی نەوتی ئەمریكادا گۆڕانێكی گەورە ڕووی دا.


جێی باسە كاتژمێر 17,40ی ئەمشەو بە كاتی گرینچ، بازاڕی گرێبەستە دواخراوەكانی نەوتی خاوی ئەمریكا لەناكاو داڕما و نرخی یەك بەرمیل نەوت گەیشتە 1.04 دۆلار.


لەوەتەی پەیدابوونی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، بازاڕی نەوت لە جیهان داڕماوە و رۆژ لە دوای رۆژ لە دابەزینی بەردەوامدایە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئاستی كڕینی نەوت تا ئەوپەڕی دابەزیوە.


ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاوی كردبووەوە ئێوارەی ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاوی رۆژئاوای تیكساس گەیشتبووە 10.34 دۆلار.


بە پێی هەواڵەكە، نزیكی كاتژمێر 15:00 بە كاتی گرینچ، نرخی بەرمیلی رۆژئاوای تیكساس بۆ رادەستكردنی مانگی مایۆ بە ڕێژەی 40.78٪ دابەزی و گەیشتە 10.82 دۆلار، دواتر پاش چەند خولەكێك ئەم نرخە زیاتر دابەزی و گەیشتە 10.34 دۆلار.







باسنیوز
Top