فەڕەنسا: دونیای دوای کۆڕۆنا خراپتر دەبێت لە دونیای پێش پەتاکە
ژان ئیف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی (لۆ مۆند)ی فەڕەنسی، ئاماژەی ئەوە کرد کە ترسی هەیە دونیای پاش کۆرۆنا، لە دونیای پێشتر بێت، ”بەڵام خراپتر بێت“.
ڕوونیشی کردەوە کە “ئێمە ساڵانێکە دابەشبوونێک لە سیستەمی جیهانیدا دەبینین، پەتاکە دەبێتە هۆی بەردەوامیی ململانێکان لە نێوان هێزەکاندا لە ڕێگەی ئامرازی دیکەوە”.
باسیشی لەوە کرد کە ئەو ململانێیە لە نێوان وڵاتاندا، خۆی لە ڕێکخستنی پەیوەندیی هێزدا دەبینێتەوە کە پێش پەتای کۆرۆناش لە نێوان ئەمریکا و چیندا هەبووە.
لۆدریان سەرزەنشتی فراوانکردنی کێبڕکێی نێودەوڵەتی و تەنانەت ڕووبەڕووبوونەوەشی لە سەرجەم کەرتەکان کرد، لەنێویشیاندا لە گۆڕەپانی زانیارییەکاندا کە ئێستا لە ئیدارەدانی قەیرانی کۆڤید - ١٩دا وڵاتانی زلهێز کێبڕکێ لەسەر زانیارییەکان دەکەن.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە داخراویی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا “کە واپێدەچێت ڕاڕابێت لە گێڕانی ڕۆڵەکەی وەک سەرکردەیەک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا” هەموو هەنگاوێکی هاوبەش لەبارەی ئەو هەڕەشە گەورەیەی ڕووبەڕووی جیهان بووەتەوە، ئاڵۆز دەکات، هەروەها هانی چین دەدات کە هەوڵی گەیشتن بەو دەسەڵاتە بدات، “ئەمەش وادەکات کە چین هەست بەوە بکات دەتوانێت ڕۆژێک لە ڕۆژان بڵێت من هێز و سەرکردەی هێزە نێودەوڵەتییەکانم”.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا داوای لە چین کرد، ڕێز لە یەکێتیی ئەورووپا بگرێت و نەیشاردەوە کە هەندێکجار چین کار بۆ دابەشکردنەکانی نێو یەکێتیی ئەورووپا دەکات.
باسنيوز
