سەرۆكی ئەو تاقیگەیەی تۆمەتبارە بە دروستكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتەدەنگ
ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس" لە زاری یوان زیمینگ بەڕێوەبەری پەیمانگەی زانستی ڤایرۆسەكان لە شاری وهانی گواستەوە كە مەحاڵە ئەم ڤایرۆسە لە تاقیگەی ئەوانەوە دەرچووبێت.
زیمینگ دەڵێ "بە وردی دەزانین چ جۆرە لێكۆڵینەوەیەك لە پەیمانگەكەماندا ئەنجام دەدرێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ ڤایرۆس و نمونەكانیدا دەكرێت، مەحاڵە لە لای ئێمەوە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەرچووبێت، بەڵام خەڵك هەر دەبێ لینكێك بدۆزنەوە، راگەیاندنەكانیش بە مەبەست دەیانەوێ خەڵكی جیهان بخەڵەتێنن و لەسەر بنەمای پێشبینیكردن تۆمەتمان ئاراستە بكەن".
جێی باسە زۆربەی زانایانی جیهان دووپاتی دەكەنەوە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرهەم نەهێندراوە، بەڵكو لە ئاژەڵەوە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام دەرچوونی ئەم ڤایرۆسە لە بازاڕێكی وهان كە تەنها چەند كیلۆمەترێكی كەم لە پەیمانگەكەوە دوورە، مشتومڕی لەبارەی دەرچوونی ڤایرۆسەكە لە تاقیگەی ئەم پەیمانگەیەوە ناوەتەوە.
باسنيوز
