وەزیرێكی بەریتانیا بە پێكەنینەوە باسی مردووە پیرەكانی كۆرۆنا دەكات

وەزیرێكی بەریتانیا بە پێكەنینەوە باسی مردووە پیرەكانی كۆرۆنا دەكات
ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری چاودێریی كۆمەڵایەتیی بەریتانیا بە پێكەنینەوە وەڵامی پرسیارێكی پێشكەشكارێكی تەلەڤزیۆنی دایەوە لەبارەی گیان لەدەستدانی چوار كەس لە خانەی پیران لە وڵاتەكە، ئەمەش ناڕەزاییەكی زۆری ڕای گشتی لێ كەوتەوە.

لە كاتێكدا لەوەتەی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناوە دەنگۆ و ناڕەزایی ئەوە بڵاو بووەتەوە كە لە ئەورووپا سەركردەكان نەرمیان نواندووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتایەكە، بۆ ئەوەی ئەو ڕێژە بەرزەی پیرەكان لەناو دانیشتوانی یەكێتیی ئەورووپادا هەن، لەڕێگەی تووشبوون بەم پەتایەوە گیان لەدەست بدەن و باری ئابووریی یەكێتییەكە سووك بكەن، ئەمڕۆ وەزیرێكی گەنجی بەریتانیا لە میانی دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا كەوتە هەڵەیەكی گەورەوە.

ئەمڕۆ هێلین واتڵی وەزیری چاودێریی كۆمەڵایەتیی بەریتانیا میوانی بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی بوو كە لەلایەن پێرس مۆرگان پێشكەشكاری ناسراوی جیهانیەوە بەڕێوەدەچوو، پێشكەشكار لە واتڵی پرسی ئایا راستە چوار هەزار كەس لە خانەی پیران لە بەریتانیا گیانیان لەدەست داوە، وەزیرە گەنجەكە لەبری ئەوەی وەڵامێكی دروست بداتەوە، بزەیەكی كرد، ئەمەش بووە هۆی تووڕەیی زۆری پێشكەشكارەكە و دووبارە پرسیارەكەی لێ كردەوە و ئەمجارە پێی گوتەوە لەم بابەتەدا چ شتێكی نەستەق هەیە كە پێی پێبكەنی؟

جێی باسە حكوومەتی بەریتانیا بە فەرمی رایگەیاندووە كە تەنها 217 كەس لە خانەی پیران بە هۆی پەتای كۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە، بەڵام ڕۆژنامەی (دەیلی مەیڵ)ی بەریتانی بڵاوی كردەوە كە ژمارەی ئەوانەی لە خانەی پیران بە هۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە، دەگاتە چوار هەزار كەس.
Top