هۆکارەکانی سەرکەوتنی یۆنان لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا

هۆکارەکانی سەرکەوتنی یۆنان لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا
یۆنان جیاواز لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپی، تاڕاددەیەکی باش سەرکەوتوو بووە لە بەرەنگاربوونەوە و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

یەکەم تووشبووی یۆنانی ژنێک بوو لە شاری ساڵۆنیک لە باکووری وڵات،کە لە رۆژی 26-2-2020 و دوای گەڕانەوەی لە ئیتاڵیا، تووشبوونی بە پەتای کۆرۆنا، راگەیەندرا.

رۆژی دواتر، حکوومەتی یۆنان تووشبوونی سێ کەسی دیکەی بە پەتای کۆرۆنا راگەیاند و چەند رێکارێکی بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە، گرتە بەر.

رێکارەکانی حکوومەتی یۆنان دوای تووشبوونی چوار کەسەکە:

- هەموو کەرنەڤاڵەکانی ولاتی هەڵوەشاندەوە

- هەموو قوتابخانەکانی وڵاتی داخست

- هەموو چێشتخانە و شوێنەکانی کاری داخست

چاودێران پێیان وایە کەمیی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە یۆنان بۆ پسپۆڕێکی ئەو وڵاتە بە ناوی سۆتێرس چیودراس دەگەڕێننەوە، کە دوای سەرهەڵدانی کۆرۆنا لە ئیتاڵیای دراوسێ، بە زوویی مەترسییەکانی ئەو پەتایەی لە وڵاتەکەیدا خستە روو.

هەنگاوێکی دیکەی حکوومەتی یۆنان، دروستکردنی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بوو، کە 26 زانای وڵاتەکەی لەخۆ دەگرت و جگە لەوەش، 13 سەنتەری پزیشکیی تایبەت بە توێژینەوە لەسەر ئەو پەتایە، دروست کرد.

یەکێکی دیکە لە هەنگاوەکانی حکوومەتی یۆنان، راگەیاندنی جۆرێک لە حاڵەتی فریاگوزاری بوو لە ولات لە 26-3-2020، کە خەڵکی وڵاتەکەی پابەند کرد بە مانەوە لە ماڵەوە و هێزە ئەمنییەکانی بە شەقامەکاندا بڵاو کردەوە.

تا ئێستا دوو هەزار و 145 کەس لە یۆنان تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 99 کەس گیانیان لەدەست داوە. بەڵام لە ئیتاڵیای دراوسێی یۆنان بە نموونە، 159 هەزار و 628 کەس تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 20 هەزار و 515 کەس گیانیان لەدەست داوە.












باسنيوز




Top