نەتەنیاهۆ و گانتس لە پێکهێنانی حکوومەتی فریاگوزاریی ئیسرائیل نزیک دەبنەوە
درەنگانی شەوی دووشەممە 13-4-2020، مۆڵەتە 28 رۆژییەکەی ریئۆفین ریفلینی سەرۆکی ئیسرائیل بۆ بینی گانتس، سەرۆکی پارتی شین و سپی بۆپێکهێنانی حکوومەتی نوێی ئیسرائیل کۆتایی هات.
سەرۆکی ئیسرائیل بۆ زیاتر گفتوگۆکردن، مۆڵەتەکەی بۆ ماوەی دوو رۆژ درێژ کردووەتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (رۆیتەرز)، دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکە، بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆکی پارتی لیکۆد و بینی گانتس کۆبوونەتەوە و لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاندووە، ”لە کۆبوونەوەکەدا گەیشتوونەتە پێشکەوتنێکی بەرچاو“.
گانتس و نەتەنیاهۆ ئاماژەیان بەوە کردووە، لە پێکهێنانی حکوومەتێکی فریاگوزاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، نزیک بوونەتەوە.
رۆژی دووشەممە 2-3-2020، هەڵبژاردنی کنێستی ئیسرائیلی ئەنجام درا و تێیدا هەردوو پارتی (لیکۆد) و (شین و سپی)، کابەریی بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانیان کرد.
تا ئێستا 11 هەزار و 868 کەس لە ئیسرائیل تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 117 کەس گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
