تەندروستیی رووسیا: دەرمانێکمان بۆ چارەسەرکردنی کۆرۆنا دۆزییەوە

 تەندروستیی رووسیا: دەرمانێکمان بۆ چارەسەرکردنی کۆرۆنا دۆزییەوە


وەزیری تەندروستیی حکوومەتی رووسیای فیدراڵ رایدەگەیەنێت، زانایانی وڵاتەکەی دەرمانێکیان بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا، دۆزیوەتەوە.

میخایل مۆراشکۆ، وەزیری تەندروستیی رووسیا لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، دەرمانەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی رووسییەوە دروست کراوە و بۆ پزیشکانی چەند ناوچەیەکی جیهان نێردراوە.

میخایل مۆراشکۆ هەروەها رایگەیاندووە، دوای تاقیکردنەوەی دەرمانەکە لەلایەن پزیشکانەوە لە ماوەی 10 بۆ 12 رۆژی داهاتوو، ئەنجامی دەرمانەکە دەردەکەوێت و ئەگەر سەرکەوتوو بوو، ئەوا کۆمپانیا رووسییەکە بەرهەمی دەهێنێت.

پەتای کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی رابردوو لە شاری وهان لە چین سەری هەڵدا و تا ئێستا یەک ملیۆن و 930 هەزار و 169 کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی بوون و لەو ژمارەیەشدا، 452 هەزار و 100 کەس چاک بوونەتەوە و 119 هەزار و 878 کەسیش گیانیان لەدەست داوە.





باسنیوز
Top