راپۆرتێکی مۆساد: ئێران بەهۆی کۆرۆناوە چیتر مایەی هەڕەشە نییە لەسەر ئیسرائیل

 راپۆرتێکی مۆساد: ئێران بەهۆی کۆرۆناوە چیتر مایەی هەڕەشە نییە لەسەر ئیسرائیل


ناوەڕۆکی راپۆرتێکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بڵاو دەبێتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، ئێران چیتر مایەیە هەڕەشە نییە لەسەر ئیسرائیل.

ئەمڕۆ دووشەممە 13-4-2020، رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی بە پشتبەستن بە ناوەڕۆکی راپۆرتەکەی مۆساد، بڵاوی کردووەتەوە، ئێستا گرنگترین ئەرک و کاری لەپێشینەی ئیسرائیل دەستکەوتنی ئامێر و کەلوپەلی دروستکردنی ئامێری پزیشکییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران سێ هێندە یان چوار هێندەی ئەو ژمارانەیە، کە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە بڵاوی دەکەنەوە.

هەروەک لە راپۆرتی رۆژنامەکەدا هاتووە، مۆساد پێی وایە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئێران، ئەو وڵاتە توانایەکی زۆر لەدەست دەدات و چیتر ناتوانێ ببێتە مایەی هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل.

دوای دروستبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بەردەوام هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل دەکەن.

بەپێی دوایین ئاماری فەرمی، تا ئێستا لە ئێران 71 هەزار و 686 کەس تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، چوار هەزار و 474 کەس گیانیان لەدەست داوە.

لە ئیسرائیلیش، 11 هەزار و 145 کەس تووشی پەتاکە بوون و لەو ژمارەیەشدا، 104 کەس گیانیان لەدەست داوە.







باسنيوز
Top