سوککردنی قەدەخەی هاتووچۆ نیگەرانیی لای هەندێک لە دانیشتووانی تاران دروستکردووە
موحسین فەرهادی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند، ئەو کار و بازرگانییانەی کە مەترسیی کەمیان هەیە کۆرۆنا بڵاوبکەنەوە، دەتوانن لە رێگەی ئۆنلاینەوە ناویان تۆماربکەن و داوای کردنەوەی دووکانەکانیان بکەن.
هەندێک خەڵک پێشوازی لەو بڕیارە دەکەن؛ محەمەد عەلیزادە، خاوەنکار دەڵێ "دەبێت کرێی دووکان و کرێکارانمان بدەین. دەبێت دووکانەکانمان بکەینەوە تاوەکو بتوانین خەرجییەکانمان دابینبکەین. سەبارەت بە باج و خەرجییەکان، دەبێت حکومەت پاڵپشتیمان بکات، لەو سەردەمی کۆرۆنادا داهاتمان بە هیچ شێوەیەک باش نییە".
سوککردنی رێوشوێنە تووندەکانی قەدەخەی هاتووچۆ نیگەرانیی لای هەندێک لە دانیشتووانی تاران دروستکردووە و دەڵێن، ئەگەر حکومەتی ئێران لە خەمی خەڵکەکەیەتی، خەڵک دەتوانن لە ماڵەکانیان بمێننەوە و حکومەتیش پارەیان بۆ خەرجبکات.
هاووڵاتییەکی تاران باس لەوە دەکات "ڤایرۆسی کۆرۆنا یاری و گاڵتە نییە و هەموو دونیای داگیرکردووە، ئەگەر گیانی مرۆڤ بەلای وڵاتانەوە گرنگبێت، ئەگەر گیانی مرۆڤ لە پارە گرنگترە، دەبێت چارەیەک بدۆزرێتەوە بەرلەوەی دووکانەکان بکرێنەوە و خەڵکی زیاتر بچنە سەر شەقامەکان. لەبری دەستبردن بۆ گیرفانی خەڵک و سزادانی خەڵک، دەبێت لە پارەی حکومەت بۆ خەڵک خەرجبکرێت. ئەوان بۆچی ئەمە ناکەن؟ ئایا گیانی مرۆڤ بۆ حکومەت گرنگ نییە؟"
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تاوەکو 18ی نیسان نابێت هۆڵەکانی یاریی ئاسن، مەلەوانگە، چایخانە، سەرتاشخانە، سینەما و هۆڵە هونەرییەکان و شانۆ و رێستۆرانتەکان بکرێنەوە.
قەدەخەی هاتووچۆ و داخستنی بازاڕەکان لە ئێران لەکاتێدایە، وڵاتەکە لە ساڵی 2018وە لەژێر سزا داراییەکانی ئەمریکادایە.
رووداو
