سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆ تیمی پزیشکی: قەرزاری ئێوەم

 سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆ تیمی پزیشکی: قەرزاری ئێوەم


سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا سوپاسی تیمی پزیشکیی تایبەت بە چارەسەرکردنی خۆی دەکات و پێیان رادەگەیەنێت، ” قەرزاری ئێوەم“.

بۆریس جۆنسۆن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دوای تووشبوونی بە پەتای کۆرۆنا، لە ماڵەوە خۆی لە خەڵک دابڕی، بەڵامهەفتەی رابردوو بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی، گەیەندرایە نەخۆشخانە و ژێر چاودێڕیی چڕ.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، رەوشی تەندروستیی بۆریس جۆنسۆن بەرەو باشبوون و چاکبوونەوە دەچێت و لە پەیامێکدا، سوپاسی ماندووبوونی تیمە پزیشکییەکەی کردووە و رایگەیاندووە، ناتوانێ بە ئەندازەی پێویست سوپاسیان بکا، تەنیا دەڵێ ”من بە ژیان قەرزاری ئێوەم“.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا لە بەریتانیا، جۆنسۆنی تەمەن 55 ساڵ رایگەیاند، حکوومەتەکەی سیاسەتێکی تایبەت دژی کۆرۆنا دەگرێتە بەر، کە بریتی بوو لە تووشبوونی زۆرینەی بەریتانییەکان بەو پەتایە و لە ئەنجامدا بەرگریی لەشی ئەو خەڵکە بەهێز دەبێت و پەتاکە لەناو دەچێت.

دوای زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە بەریتانیا، جۆنسۆن لە پەیامێکدا بۆ هاووڵاتییان، رایگەیاند، ”چاوەڕێی مردنی ئازیزانتان بن“.

تا ئێستا 78 هەزار و 991 کەس لە بەریتانیا تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، نۆ هەزار و 875 کەس گیانیان لەدەست داوە.







باسنيوز
Top