39 كەس لە خێزانێكی كورد لە ئەڵمانیا تووشی كۆرۆنا بوون
مستەفا چەلیك تەمەن 47 ساڵ، كە دانیشتووی شاری بیلەفێڵدی ئەڵمانیایە راگەیاند كە خۆی و شەش برا و هاوژین و منداڵەكانیان و لەگەڵ دایك و باوكی كە ژمارەیان دەكاتە 42 كەس، تەنیا سێ كەسیان نەبێت، هەموویان ماوەی دوو هەفتەیە تووشی ڤایرۆسی كورۆنا بوونە.
مستەفا چەلیك كە خەڵكی باكووری كوردستانە و خۆیشی تووشی كۆرۆنا بووە، لە درێژەی لێدوانەكەیدا گوتی "هەر یەكێك لە ئێمە لە ماڵی خۆیەتی، بەڵام هەموومان لە یەك بلۆكداین. تەندروستیمان باشە، بارودۆخی هیچ یەكێكمان سەخت نییە".
هەرچەندە بەگشتی دۆخی ئەڵمانیا باشە لە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا، بەڵام مستەفا چەلیك لە دەزگا تەندروستییەكانی ئەڵمانیا زۆر تووڕەیە و رەخنەیان لێدەگرێت و گوتی "لە دوو هەفتەی رابردووەوە تەنیا یەكجار هەندێك كەسیان هاتنە لامان، پشكنینیان بۆ چوار كەسمان كرد و بە ئێمەیان گوت لە ماڵ بمێننەوە، لەوكاتەوە نە دەرمان و نە چارەسەری و تەنانەت پرسیارێكیشیان لێنەكردووین".
بنەماڵەی مستەفا لەساڵی 1987ەوە لە نسێبینی باكووری كوردستانەوە هاتوونەتە ئەڵمانیا و هەموویان، جگە لە دایك و باوكی، وڵاتینامەی ئەڵمانیایان هەیە. مستەفا وەك هاووڵاتییەكی ئەڵمانیا گلەیی هەیە و دەڵێ " لەم رەوشە رزگارببم، لە رێگەی پارێزەرەوە سكاڵا تۆماردەكەم، چونكە هیچیان بۆ ئێمە نەكردووە".
لە 27ی ئاداری 2020ەوە كەس لە خێزانە گەورەكەیان نەچووەتە دەرەوە بۆ دابینكردنی پێداویستی خواردن و رۆژانەیان، مستەفا گوتی "پشتمان بە دراوسێ، هەڤال و خزمەكانمان بەستووە، درێخیان نەكردووە، بەڵام دەوڵەتی ئەڵمانیا هەر ئاگای لە ئێمە نییە".
بەپێی زانیارییەكانی زانكۆی جۆن هۆپكینس لە بالتیمۆری ئەمریكا، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەڵمانیا نزیكبووە لە 123هەزار كەس و ئەوانەی پێی مردوون نزیكەی 2750 كەسە، هەروەها نزیكەی 53 هەزار كەسیش چاكبوونەتەوە.
چونكە كورد لە ئەڵمانیا بەپێی نەتەوەكەیان تۆمارناكرێن، بەڵكۆ بەپێی وڵاتی لێی هاتوون تۆمار دەكرێن، بۆیە نازانرێ چەند لە تووشبووەكانی ڤایرۆسی كورۆنا كوردن لە ئەڵمانیا، تەنانەت بنەماڵەی مستەفاش، كە خۆیان كوردن لە نێو میدیای ئەڵمانیدا بە (خێزانێكی گەورەی توركیا) ناویان هاتووە.
رووداو
