گرووپی 20: رێکاری بەپەلە بۆ سەقامگیریی نرخی وزە دەگرینە بەر
وڵاتانی ئەندامی گرووپی G20 رایدەگەیەنن، کە رێکاری بەپەلە بۆ سەقامگیریی نرخی وزە بەتایبەت نرخی نەوت دەگرنە بەر.
لە بەیاننامەیەکدا، کە ئەمڕۆ شەممە 11-4-2020 بڵاو کراوەتەوە، گرووپی 20 رایگەیاندووە، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە کێشە کەوتووەتە خستنەڕوو و داواکاری لەسەر نەوت و بازاڕی وزە تێکچووە.
گرووپی 20 جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پەتای کۆرۆنا کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر بووژانەوەی ئابووریی جیهان و ئەوان رێکاری بەپەلە بۆ رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتاکە دەگرنە بەر، بۆ ئەوەی بازاڕی وزە سەقامگیر بکەن.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە پەتایەکی جیهانی ناوی بردووە، نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان بۆ کەمتر لە 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، دابەزیوە.
تا ئێستا یەک ملیۆن و 707 هەزار و 800 کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 103 هەزار و 108 کەس گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
