وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ سزادانی چین
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ سزادانی چین.
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، ئێستا کاتی روونی و بە ئاشکرا کارکردنە نەک سزادانی کۆماری میللیی چین.
ئەمریکا پێی وایە چین ئامارەکان و زانیارییە تەواوەکان لەبارەی پەتای کۆرۆناوە بڵاو ناکاتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی، ژمارەی تووشبووان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بەرەو زۆرتر بچێت.
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی رابردوو لە چین سەری هەڵدا و دواتر رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، کۆرۆنا پەتایەکی جیهانییە.
تا ئێستا یەک ملیۆن و 512 هەزار و 753 کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی کۆرۆنا بوون، کە 430 هەزار و 376 کەس لە ئەمریکا و 82 هەزار و 969 کەسیش لە چین تووشی ئەو پەتایە بوون.
باسنيوز
