ئەمریکا: دەکرێت کۆرۆنا ببێتە ڤایرۆسێکی وەرزی و ساڵی داهاتووش بڵاوبێتەوە

ئەمریکا: دەکرێت کۆرۆنا ببێتە ڤایرۆسێکی وەرزی و ساڵی داهاتووش بڵاوبێتەوە
گەورە شارەزای نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، زەحمەتە بتوانرێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی 2020 بە تەواوی لەناوببرێت، هەربۆیە ئەگەری هەیە ببێتە ڤایرۆسێکی وەرزی و ساڵی داهاتوو جارێکی دیکە بڵاوبێتەوە.

د. ئەنتۆنی فۆچی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی نیشتمانی نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە 05-04-2020 بە کەناڵی CBS راگەیاند، ئەگەری هەیە نەتوانرێت لەسەر ئاستی جیهان بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا زاڵ ببن، ئەمەش بەو مانایە دێت کە دەکرێت ڤایرۆسەکە سرووشتێکی وەرزی وەربگرێت.

بەڕێوەبەری پەیمانگەی نیشتمانی نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئەمریکا دەشڵێت "مەگەر بتوانین لەسەر ئاستی جیهان زاڵببین بەسەریدا، ئەگەر نا ئەگەرێکی زۆر هەیە سرووشتێکی وەرزی وەربگرێت. واتە گەر - هەڵبەت هیوا دەخوازم تەنها ئەگەر نەبێت - بەڵکو کاتێک ژمارەی توشبوونیش کەمدەکەینەوە بۆ ئاستێکی کەم، لەگەڵ هاتنەوەی وەرزی داهاتوو، دەبێت ئامادەبین بۆ دووبارە بڵاوبوونەوەی، بە تایبەت کە رێی تێناچێت ڤایرۆسەکە قەڵاچۆ بکەین".

د. ئەنتۆنی گوتی، هەر لەبەر ئەو هۆکارە، هەر لە ئێستاوە هەوڵ و کۆششیان ئەوەیە بۆ ساڵی داهاتوو ئامادەبن و بتوانن کار لەسەر دۆزینەوەی چارەسەر و پێکوتە بکەن.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 258 هەزار کەس لە جیهان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون لەو ژمارەیە 68 هەزار و 287 کەس مردوون و نزیکەی 260 هەزار کەسیش چاکبوونەتەوە.

تەنیا لە ئەمریکا 328 هەزار و 662 کەس تووشی ڤایرۆسکە بوون و لەو ژمارەیەش 9 هەزار و 365 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 16 هەزار و 700 کەسیش چاکبوونەتەوە.









رووداو
Top