هێنری کیسینجەر: لێکەوتە ئابوورییەکانی کۆرۆنا بۆ چەندین نەوە بەردەوامدەبن

هێنری کیسینجەر: لێکەوتە ئابوورییەکانی کۆرۆنا بۆ چەندین نەوە بەردەوامدەبن
هێنری کیسینجەر، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا و کەسایەتیی کاریگەری ناسراوی ئەمریکا باس لە پێشبینیی مەترسیدار بۆ دۆخی دوای نەمانی کۆرۆنا دەکات و دەڵێت، ڤایرۆسەکە بۆ ماوەیەک بەردەوامدەبێت و لەناودەچێت، بەڵام لێکەوتە ئابوورییەکانی ڤایرۆسەکە بۆ چەندین نەوەی داهاتوو بەردەوامدەبن و دوای کۆرۆنا جیهان هەرگیز وەکو خۆی نامێنیتەوە.

کیسینجەر تەمەنی 96 ساڵە، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە و پێشبینی بۆ چەندین بارودۆخی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووە و راستیش دەرچوون. لە بابەتێکدا بۆ رۆژنامەی وۆڵستریت دەڵێت، ئەمریکا بە تەنیا ناتوانێت بەسەر کۆرۆنادا زاڵببێت.

کیسینجەر ئاماژەی بەوە کردووە، کۆرۆنا بەخێرایی و بەشێوەیەکی چاوەڕوانەنکراو بڵاودەبێتەوە، لە ئەمریکا لە هەموو پێنج رۆژێکدا ژمارەی تووشبووەکان دووهێندەیان لێدێت.

وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، کەرەستەی پزیشکی بۆ بەکارهێنان لە دژی کۆرۆنا وەکو پێویست نین و یەکەکانی چاودێریی چڕ لە رووخاندان، پشکنین وەکو پێویست بۆ گومانلێکراوان ناکرێت و پێکوتەیەکی سەرکەوتوو لەوانەیە 12 بۆ 18 مانگی بوێت تاوەکو بەرهەمدێت.

کیسینجەر داوای دروستکردنی لیژنەیەکی نێودەوڵەتیی هاوبەش دەکات کە وڵاتانی جیهان پێکەوە کاربکەن بۆ ئاڵوگۆڕی پێداویستیی پزیشکی و رێنامیی تەندروستی و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی پێکوتە بۆ ڤایرۆسەکە.

هێنری کیسینجەر سێ پێشنیاز دەداتە ئەمریکا بۆ ئەوەی بەسەر کۆرۆنادا زاڵبێت و پێیوایە بۆ سەقامگیریی ئابووری دەبێت، یەکەم: ئەمریکا چارەسەر یا پێکوتە بۆ کۆرۆنا بدۆزێتەوە دووەم: دەبێت برینی ئابووریی جیهان سارێژ ببێت. مەبەستی ئەو وڵاتانەیە کە بەهۆی کۆرۆناوە زیانی ماددییان بەرکەوتووە و قوتابخانە و زانکۆ و شوێنە گشتییەکانیان داخراون. پێشبنیازدەکات تەکنیک و تەکنەلۆژیای نوێ لە سەنتەرەکانی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیدا جێگیربکرێن و پێکوتە بگاتە زۆرترین دانیشتووانی گۆی زەوی.

کیسینجەر لە سێیەم پێشنیازیدا دەڵێت، دەبێت ئەمریکا سیستەمی لیبراڵیی جیهانی بپارێزێت بۆ ئەوەی حکومەتەکان لە جیهاندا بتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک دابینبکەن وەکو ئاسایش و ئابوورییەکی باش و دادپەروەری.

کیسینجەر ئەوەی خستەڕوو، لەو قۆناخە سەختەدا دەبێت وڵات و هەرێمەکان لە سەرتاسەری جیهاندا بەردەوام هەوڵبدەن لەڕێگەی بەکۆگاکردنی کاڵا و پلانی هاوبەش و دەستگەیشتن بە دوایین تەکنەلۆژیای زانستی خەڵکەکانیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بپارێزن.








رووداو
Top