تووشبوون بە کۆرۆنا لە جیهاندا ملیۆنێک کەسی تێپەڕاند

تووشبوون بە کۆرۆنا لە جیهاندا ملیۆنێک کەسی تێپەڕاند
تووشبوون بە کۆرۆنا لە جیهاندا بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن تووشبوو بەرزبووەوە، هاوکات زیاتر لە 51 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 209 هەزار کەسیش چاکبوونەتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لەبارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 168 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 51 هەزار و 354 کەس گیانیان لەدەستداوە و 210 هەزار و 191 کەسیش چاکبوونەتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، زیاتر لە 5%ی تووشبووانی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 20%یشیان چاکبوونەتەوە، دۆخی تەندروستیی نزیکەی 4%یشیان هەستیارە.

زۆرترین ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئەمریکایە، بەشێوەیەک ئەمڕۆ زیاتر لە 20 هەزار تووشبوو تۆمارکراون و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 233 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون و پێنج هەزار و 738 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. ئیتاڵیا لەڕووی زۆری ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە پلەی دووەم دێت لەسەر ئاستی جیهان و لەڕووی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە پلەی یەکەمدایە، بەشێوەیەک زیاتر لە 115 هەزار کەس تووشبوون و نزیکەی 14 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئیسپانیاش لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە پلەی سێیەم دێت و زیاتر لە 110 هەزار کەس تووشبوون، لەڕووی زۆریی ژمارەی گیانلەدەستدانیش لە پلەی دووەم دێت لەسەر ئاستی جیهان و 10 هەزار و 96 کەس تاوەکو ئێستا گیانیان لەدەستداوە.











رووداو
Top