خۆکوشتنی وەزیری دارایی هەرێمێک، ئەڵمانیا تووشی شۆک دەکات

خۆکوشتنی وەزیری دارایی هەرێمێک، ئەڵمانیا تووشی شۆک دەکات
ئەڵمانیا بەیانیی ئەمڕۆی بەسەر هەواڵێکدا کردەوە، کە تەواوی بەرپرس و هاووڵاتیانی ویلایەتێکی تووشی شۆک کرد.

لەکاتێکدا هاوشێوەی تەواوی وڵاتانی دونیا، ئەڵمانیاش بەهۆی قەیرانی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، لەناو کەشوهەوایەکی پڕ دڵەڕاوکێ و ترسدا دەگوزەرێنێت و کڵێساکانی ئەم وڵاتەش داوا و نزای (ئارامگرتن و ئازایەتی) دەکەن، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی ئاداری ٢٠٢٠، بەوپەڕی شۆکەوە هەواڵی مەرگی لەناکاوی وەزیری دارایی ویلایەتی هیسنی بڵاو کرایەوە.

داواکاری گشتی و سەرۆکایەتیی پۆلیسی ویلایەتەکە، جەخت دەکەنەوە کە مردنی تۆماس شیفر - وەزیری دارایی هیسن، مەرگێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو خۆکوژییە.

لای خۆیشیانەوە، میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ بەیانی، تەرمی شیفر (٥٤ ساڵ) لەسەر ئاسنەڕێی شەمەندەفەری خێرای شاری فیسبادنی پایتەختی ویلایەتی هیسن لە باشووری ڕۆژئاوای ئەڵمانیا، دۆزراوەتەوە.

مردنی لەناکاوی وەزیری ناوبراو، کە سەر بە حزبەکەی ئەنگیلا مێرکل - ڕاوێژکاری ئەڵمانیایە (مەسیحیی دیموکراتی)، شۆکێکی گەورەی لە نێوەندە سیاسی و جەماوەرییەکانی ویلایەتەکەدا دروست کردووە، بەتایبەتی ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە، کە وڵاتەکە بە قەیرانێکی سەختی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنادا تێدەپەڕێت و (شیفر) بۆ خۆیشی یەکێک بوو لە دیارترین ئەو کەسانەی کە چاوەڕوان دەکرا، شوێنی سەرۆک وەزیرانی ویلایەتەکەی (فۆڵکەر بۆفیێ) بگرێتەوە، کە بڕیار بوو دوانیوەڕی ئەمڕۆ سەبارەت بە پتەوترکردنی ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ویلایەتەکە، بەیەکەوە کۆببنەوە و گفتوگۆ بکەن.

بۆفیێ بە شۆکێکی زۆرەوە دڵتەنگیی خۆی بەو هەواڵە دەربڕی و گوتی: “هەموومان تووشی شۆک بووین، ئەستەمە باوەڕ بەوە بکرێت کە تۆماس شیفر لە ناکاو و بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، مەرگ بیباتەوە” و پرسە و سەرەخۆشیی خۆیشی لە بنەماڵەی وەزیری ناوبراو کرد.

لای خۆیشیەوە ئەنگرێت کرامپ - کارنبارۆ، وەزیری بەرگری و سەرۆکی پارتی مەسیحی دیموکراتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر و لە چریکەیەکدا نووسیویەتی: “هەموومان لە حزبی مەسیحی دیموکراتی بە هەواڵی مەرگی لەناکاوی شیفر تووشی شۆک بووین، وای لێ کردین دڵتەنگ بین و هێدمە گرتووینی”.

هاوکات بۆریس ڕاین، سەرۆکی پەرلەمانی ویلایەتی هیسن، دڵتەنگیی خۆی بە مردنی شیفر ڕاگەیاند و گوتی: “ئەم هەواڵە ناوەختە زۆر بە قووڵیی کاریگەریی تێ کردووم، بەجیددی ئێستا بیری دەکەین، ناتوانم باوەڕ بە خۆم بهێنم، ئیدی بەبێ ئەو دەبێ سیاسەتکردن چۆن بێت”.

لەلایەکی دیکەوە نوێنەری هێز و لایەنە سیاسییەکانی ویلایەتی هیسن، مەرگی لەپڕی وەزیری دارایی ویلایەتەکەیان بە کۆستێکی گەورە و زیان ناو برد.

تۆماس شیفر، کە زیاتر لە دوو دەیەی تەمەنی خۆی لەناو کاری سیاسی بەسەر بردووە و بەشداریی کارای لە داڕشتنی سیاسەتی گشتیی وڵاتەکەی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و نیشتمانیدا کردووە، یەکێک بوو لە دیارترین پسپۆر و شارەزایانی بواری کاروباری دارایی و لە دوای خۆی دوو منداڵی بەجێ هێشتوون.

لێکۆڵەرەوەکان و پیاوانی پۆلیس ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە مردنەکە ئاسایی نییە، بەڵکوو خۆکوژییە، ئەمەو بەبێ ئەوەی تا ئێستا کەس هۆکارەکانی خۆکوشتنەکە بزانێت. تەنانەت خێزانی وەزیرەکە تا ئێستا بێدەنگیان هەڵبژاردووە و هیچ قسەیەک لەم بارەیەوە ناکەن، لەکاتێکدا کە ڕۆژنامەی (فڕانکفۆرتە ئەلگماینە) ئاشکرای کردووە، کە بەر لە خۆکوشتنی، شیفر “نامەی ماڵئاوایی بۆ هاوسەر و کچ و کوڕەکەی بەجێ هێشتووە”.

ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە، کە ئەڵمانیا بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و بەرزبوونەوەی ڕێژە و ژمارەی تووشبووان، بە قەیرانێکی سەختدا تێدەپەڕێ، ئەگەرچی بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەوڕوپیی وەک ئیتاڵیا، ئیسپانیا و فەڕەنسا، ڕێژەی مردنی تووشبووەکانی سنووردار و کەمترە.

بەگوێرەی نوێترین زانیارییەکانی پەیمانگەی ڕۆبێرت کۆخ بۆ نەخۆشییە درمەکان، کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردووەتەوە. ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لە ئەڵمانیا بۆ ٥٢٥٤٧ کەس بەرز بووەتەوە و تا ئێستاش ٣٨٩ کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.











باسنيوز


Top