خۆت بپارێزە.. حەوت ئامۆژگاری لەبارەی سیستەمێکی بەهێزی خۆراکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا
شارەزایانی سیستمی خۆراکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامۆژگاریی مرۆڤ دەکەن بەوەی، کە لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێویستە چی بخوات و ئەوەیش کە نابێ بیخوات، جا ئەگەر مرۆڤەکە تووشی ڤایرۆسەکە بووبێ، یاخود تووش نەبووبێ.
هەتا ئێستا هیچ دەرمانێک وەک چارەسەر بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە بە (کۆڤید- 19)ش ناسراوە، نییە و نەدۆزراوەتەوە، بابەتەکە دەکەوێتە سەر دۆخی تەندروستیی کەسەکە و سیستمی بەرگریی لەشی. جا بۆ ئەوەی مرۆڤ بەرگرییەکی بەهێزی هەبێ و رووبەڕووی ڤایرۆسەکان ببێتەوە، پێویستە سیستمی خۆراکیی خۆی باش بکا و هەندێک ئامۆژگاری و رێنماییش جێبەجێ بکات، وەک ئەوەی ماڵپەڕی بەرنامەی خۆراکیی رایگەیاندووە:
1- پارێزگاریی لە خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو بکە:
%75ی لەشی مرۆڤ لە ئاو پێکهاتووە. لە دۆخی ئاساییدا پێویستە لە رۆژێکدا 8 کووپ شلەمەنی بخورێتەوە، لەبەرئەوەی ئێمە لە کاتی مانەوەمان لە ماڵەوە کەمترین چالاکییمان هەیە، بۆیە هەست بە تێنوێتیی ناکەین، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەمیشە ئەوەمان بە شێوەیەکی رێکوپێک لە یاد بێت، بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە ڕێژەی ئاو لە لەشمان بکەین.
بۆ ئەوەی تام و هەندێک رەگەزی خۆراکییش بۆ ئاوەکە زیاد بکەین، دەکرێ هەندێک قاش خەیار یان لەیموون، یانیش پرتەقاڵ بخەینە ناو کووپە ئاوەکە، بەڵام دەبێ خۆمان لە خواردنەوە گازی و سۆدەییەکان بەدوور بگرێن، ئەویش بەهۆی بەرزیی رێژەی شەکر تیایاندا.
2- خۆراکە وزەبەخشەکان:
ئەو خۆراکانە پێویستن بۆ پێدانی وزە بە لەش، نەخاسما بۆ چالاککردنی مێشک، هەروەها بەرگریکردن لە نەخۆشییەکان، وەک برنج و ماکەڕۆنی و نان و گێزەر و توور و .... هەروەها خواردنی نانی بۆر، کە بۆ ماوەیەکی درێژ وزەت پێ دەدەن و یارمەتیت دەدەن لە پارێزگاریی لە کێشی لەشت.
3- ئەو خۆراکانەی یارمەتیی گەشە دەدەن:
ئەو خۆراکانە یارمەتیی گەشەی لەش دەدەن، بەتایبەت بۆ منداڵان. ئەو خۆراکانەی یارمەتیی گەشە دەدەن، ئەو خانانە دروست دەکەنەوە کە ماندوو بوونە، یان تووشی نەخۆشیی هاتوون. زۆربەی کات وا ئەخوازێ، کە بڕێکی کەم لەو خۆراکانە بخورێ، بەڵام پێویستە رۆژانە بخورێن.
ئەو خۆراکانەش بریتین لە هەموو جۆر گۆشتەکان و گۆشتی ماسی، هێلکە و ماست و بەرووبوومەکانی شیرەمەنی (سپیایی)، وەک پەنیر و کەرە. پێویستیش وایە ئەو بەروبوومانەی شیرەمەنی بکڕین، کە بە پلەی گەرمیی بەرز کوڵێنراون و بەرهەمهێنراون، کە دەکرێ بۆ ماوەیەکی درێژتر هەڵبگیرێن، هەروەها گۆشت و ماسییەکانیش لە بەستەنییەکاندا هەڵگیرابن.
بەگوێرەی ماوەی بەسەرچوونیشی، دەکرێ هێلکە بۆ ماوەی سێ هەفتە لە رۆژی کڕینیەوە لە ساردکەرەوەدا هەڵبگیرێ، هێلکە بە سەرچاوەیەکی باشی پرۆتینی کەم چەوری دادەنرێ، هەروەک چۆن سەرچاوەی چەندین ڤیتامینیشە.
سیستمی خۆراکیی جیهانی داوای کەمکردنەوەی گۆشتە لە قوتوونراوەکان دەکا، چونکە بڕێکی زۆر لە خوێ و چەورییەکانیان تێدایە. بەڵام ماسیی توونی قوتووکراو بژارەیەکی تەندروستیی باشترە. هەروەها سەرچاوە پرۆتینییەکانی رووەکیی وەک نیسک و پاقلەمەنییەکان، دەتوانرێ ماوەیەکی زیاتر هەڵبگیرێن، هەروەک دەوڵەمەندیشن بە ڤیتامین و کانزاکان. پێویستیشە خۆراکە وشکەکان بەر لە لێنانیان باش بشورێنەوە.
4- خۆراکە جەستەپارێزەکان:
ئەم خۆراکانە ئیش و ئەرکەکانی لەش مسۆگەر ئەکەن و یارمەتیی پاراستنی لەش و بەرگریی بەرامبەر هەموو نەخۆشییەکان دەدەن. هەموو خۆراکەکانیش پڕن لە ڤیتامین و کانزاکان، بەڵام سەوزە و میوە رەنگاوڕەنگەکان بە شێوەیەکی گشتی بەوە جیا دەکرێنەوە، کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین و دژە ئۆکسیدەکان.
5- خۆراکە پاڵپشت و تەواوکارەکان:
بەگوێرەی دۆخی خۆت، پێویستت بە خواردنی ئەو خۆراکانە دەبێ، کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین و خۆراکە تەواوەکان، یان بۆ ژەمە خۆراکییەکانت زیادیان بکەی، بۆ ئەوەی رەگەزە خۆراکییە پێویستەکانت پێ ببەخشن و پاڵپشتیی لەش بکەن، بە تایبەتی لەو کاتانەی، کە کوالێتیی سیستمی خۆراکیی نزمە و بڕەکەیشی بەهۆی نەبوونی ئاساییشی خۆراکەوە سنووردارە.
6- وەرزشکردن:
ئەوەش لەبیر مەکە، کە هەندێ چالاکیی جەستەیی پەیڕەو بکەی. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیەنێت کە پێویستە کەسانی پێگەیشتوو، رۆژانە ماوەی 30 خولەک لە رێی وەرزشەوە چالاکیی جەستەیی بکەن، بۆ منداڵانیش رۆژانە بۆ ماوەی یەک کاتژمێر. ئەگەر بۆت کرا بڕۆرە دەرەوە بۆ باخێک، یان وەرزشی ڕاکردن بکە، بە لەبەرچاوگرتنی دووریی پێویست لەنێوان خۆت و کەسانی دیکەدا. ئەگەر نەگونجا بچیتە دەرەوە، ئەوا لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەدوای ڤیدیۆی راهێنانە وەرزشییەکاندا بگەڕێ، یان سەما لەسەر ئاوازی موزیکدا بکە، یان هەندێک یۆگا پەیڕەو بکە و بەسەر پەیژەدا سەرکەوە و دابەزە خوارێ.
7- خۆراکە قەدەغەکراوەکان:
ئەو خۆراکانەی، کە رێژەیەکی بەرزیان لە چەوری و شەکر و خوێ تێدایە (خۆراکە دروستکراوەکان)، بە بەشێک لە سیستمی خۆراکیی دروست داناندرێن، زۆر گرنگە لە کاتێکی نالەباری وەک ئێستادا، لەو خۆراکانە دوور بکەوینەوە، چونکە هیچ سوودێکی خۆراکییان نییە.
باسنيوز
