مارک زوکەربێرگ، دامەزرێنەری فەیسبووک 25 ملیۆن دۆلار بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کۆرۆنا دەبەخشێت

 مارک زوکەربێرگ، دامەزرێنەری فەیسبووک 25 ملیۆن دۆلار بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کۆرۆنا دەبەخشێت


دامەزرێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) و هاوسەرەکەی، بڕی 25 ملیۆن دۆلار بۆ دۆزینەوەی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەبەخشن.

پێشتر دەزگای بیل و میلیندا گیتس پرۆژەیەکی خێرخوازییان بۆ پاڵپشتیکردنی زانایان و پزیشکان لە پەرەپێدانی دەرمانەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ نەخۆشانی کۆرۆنا، راگەیاند و بڕی 125 ملیۆن دۆلاری بەخشی.

مارک زوکەربێرگ، دامەزرێنەری فەیسبووک لە هەژماری تایبەتیی خۆی رایگەیاندووە، لەگەڵ هاوسەرەکەی، کە دەزگای چان زوکەربێرگیان دروست کردووە، بڕیاریان داوە بە بڕی 25 ملیۆن دۆلار پاڵپشتیی پرۆژەکەی بیل گیتس بکەن.

زوکەربێرگ هەروەها رایگەیاندووە، پەرەپێدانی دەرمانەکان، کە ئێستا هەن، کارێکی باشە، چونکە ئەو دەرمانانە تاقی کراونەتەوە و تەنیا پێویستییان بە گۆڕانکاری هەیە.

تا ئێستا لە سەرانسەری جیهان 664 هەزار و 244 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 147 هەزار و 684 کەس چاک بوونەتەوە و 30 هەزار و 939 کەسیش گیانیان لەدەست داوە.







باسنیوز
Top