رووسیا: دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی کۆرۆناوەیە
ئەو گوتەیەی جێگری وەزیری وزەی رووسیا لە کاتێکدایە کە بەشێک لە وڵاتانی خاوەن نەوت پێیانوایە رووسیا هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی نەوتە.
پاڤێل سۆرۆگین، جێگری وەزیری وزەی رووسیا رایگەیاند، "هاوبەشە نەوتییەکانمان پێیانوایە دەبێت بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکرێتەوە بۆ ئەوەی یەدەگی نەوت لە بازاڕدا داببەزێت، بەتایبەتی ئێستا کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کێشە هەیە و بۆ ئەوەی دواتر بەخێرایی بتوانرێت ئەو قەیرانە چارەسەر بکرێت ،بەڵام ئەوەندەی ئێمە تێبینی دەکەین قەیرانەکە بەشێوەیەک گەشەدەکات کە ئەو هەنگاوە ناتوانێت یارمەتیی بدات".
پاڤێل سۆرۆگین ئاماژەی بەوە کرد، "بۆیە بە دیدی ئێمە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی نەوت ڤایرۆسی کۆرۆنایە. ئەوەندەی ئێمە چاودێری دەکەین، بە نموونە ئەگەر نرخی پێشوو بە 60 دۆلار بخەمڵینین و نرخی ئێستا بە 26 بۆ 27 دۆلار بۆ بەرمیلێک، ئەوا 25 دۆلاری هۆکاری دابەزینەکە ڤایرۆسی کۆرۆنایە".
رووسیا پێی وایە کە سعودیە بە ئەنقەست و بە مەبەست پێشنیاری کەمکردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی بەو رێژە زۆرە خستووەتە بەردەمی رووسیا و زانیویەتی کە مۆسکۆ بەو پێشنیارە رازی نابێت. رووسەکان پێیان وایە کۆی گشتیی ئەو پرسە ئامانج لێی لێدان لە رووسیا بووە.
کۆنستانتین سیمۆنۆڤ، بەڕێوەبەری سندووقی ئاسایشی وزەی زانکۆی دارایی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی رووسیا باس لەوە دەکات، "سعودیە پێشنیارێکی بۆ کردین کە ئێمە نەماندەتوانی رازی بین. ئەوانیش ئەوە باش دەزانن. هەنگاوەکانی دوای ئەوەی سعودیە واتای ئەوە بوون کە ئەو بابەتە ستراتیژێکی بەرنامەبۆداڕێژراو بوو. دەبوو پاساوێک بدۆزنەوە بۆ ئەو بەرنامەیەی ئامادەیان کردبوو، بۆ نموونە لەراگەیێندراوێکدا داوای کەمکردنەوەی 13 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە دەکەن. هەموو هەوڵێکیان دا تاوەکو هەناردەکردنی نەوت کەمبکرێتەوە بۆ ئەوەی خواست لەسەر گاز زیاد ببێت. بەگەشتی شەڕێکیان دەست پێکرد کە هەموو شتێکیان هێنایە خوارەوە".
لە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت بۆ هەر نرخێک، ئێستا رووسیا ئامادە نییە رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکاتەوە، بەڵکو بەرنامەی هەیە لە کۆتایی مانگی نیسانەوە رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر بەرهەم بهێنێت، بەپێی خەمڵاندنی لیژنەی ئابووریی ئەنجوومەنی فیدراڵیی رووسیا دوای مانگێک تا دوو مانگی دیکە نرخی بەرمیلێک نەوت بەرز دەبێتەوە بۆ دەوروبەری 40 دۆلار .
رووداو
