ترەمپ: پشکنینەکانمان بۆ کۆرۆنا باشترین و وردترینن

ترەمپ: پشکنینەکانمان بۆ کۆرۆنا باشترین و وردترینن
ڤایرۆسی کۆرۆنا بە خێرایێکی زۆر بەنێو ئەمریکادا بڵاودەبێتەوە و لە حەوت رۆژی رابردوودا ژمارەی تووشبووان لە شەش هەزارەوە بەرزبووەتەوە بۆ سەرووی 60 هەزار کەس و ژمارەی ئەو کەسانەشی گیانیان لەدەستداوە، لە 100 کەسەوە گەیشتووەتە هەزار کەس، واتە دە هێندە زیادیکردووە.

ویلایەتی نیویۆرک زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، بەجۆرێک کە لە کۆی 68 هەزار و 489 تووشبوو، 33 هەزار و 13 کەسیان خەڵکی نیویۆرکن، هەروەها لە سەرانسەری ئەمریکا هەزار و 32 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 394 کەسیان خەڵکی ئەو ویلایەتەن، ئەمەش وایکردووە ناوەندە تەندروستییەکانی ویلایەتەکە رووبەڕووی گوشارێکی زۆر ببنەوە.

بیڵ دێبلاسیۆ، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک دەڵێ "ئەوەی ئێستا دەیبینین بریتییە لە زەحمەتی و گوشارێکی گەورە، بەتایبەتی لەسەر نەخۆشخانەکانمان و لەسەر ئەو کارمەندانەمان کە لە کەرتی تەندروستی کاردەکەن و ئەوانەشی کە بەرپرسن لە دابینکردنی ئەو کەلوپەلانەی کە پێویستن بۆ بەردەوامبوونمان".

سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک ئاماژە بەوە دەکات، لە چەند رۆژی رابردوودا هەواڵێکی خۆشیان پێ گەیشت کە زۆر گرنگە و دەڵێ "ئەو هەواڵەش ئەوەیە کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی خۆجێیی و شوێنی دیکەوە پاڵپشتیمان پێ گەیشتووە کە هاوکاریی ئێمەی کردووە لە بەڕێکردنی ئەم هەفتەیە و یارمەتیمان دەدات بۆ دەربازبوون بۆ هەفتەی داهاتوو".

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بەکۆی دەنگ بڕیاریدا بە تەرخانکردنی 2.2 ترلیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدانی کەرتی تەندروستی لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمکردنەوەی کاریگەرییە ئابوورییەکانی لەسەر ئەو کۆمپانیا و کرێکارانەی بەهۆیەوە زەرەرمەند بوون.

سەرۆکی ئەمریکا هەنگاوەکانی کابینەکەی بەرز دەنرخێنێت بۆ زیادکردنی پشکنینەکان و دەستنیشانکردنی تووشبووانی کۆرۆنا و چارەسەرکردنیان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ "ئێمە زیاتر لە هەموو وڵاتێک پشکنینمان ئەنجامداوە. ئێستا ئێمە زیاتر لە هەموو کەسێک پشکنین ئەنجامدەدەین، تەنانەت کەس لەو ژمارەیەی ئێمە دەیکەین نزیکیش نییە. هەروەها پشکنینەکانی ئێمە باشترین و وردترین پشکنینن".

لە چەند رۆژی رابردوودا، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی دا لەوەی ئەمریکا ببێتە چەقی نوێی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ زیادبوونی پشکنینەکان، ژمارەیەکی زیاتری تووشبووان لەو وڵاتە تۆماربکرێت.


رووداو
Top