ئەمریکا سزای بەسەر ژمارەیەک کۆمپانیای عێراقی و ئێرانیدا سەپاند

ئەمریکا سزای بەسەر ژمارەیەک کۆمپانیای عێراقی و ئێرانیدا سەپاند
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ژمارەیەک بەرپرس و کۆمپانیای ئێرانی و عێراقیدا سەپاند.

لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە، واشنتن سزا بەسەر 20 کۆمپانیای ئێرانی و کۆمپانیای ناو عێراق و بەرپرس لە هەردوو وڵاتدا دەسەپێنێت، کە پاڵپشتی پێشکێشی سوپای پاسداران دەکەن یان کاری بۆ دەکەن، ئەوە جگە لە گواستنەوەی یارمەتی بۆ ئەو "میلیشیا تیرۆریستیانەی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتییان دەکرێت، وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق".

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە، ئەو کەس و کۆمپانیایانە چەندین کاری دیکەیان ئەنجامداوە یان لە جێبەجێکردنیاندا یارمەتیدەر بوون، لەوانەش قاچاخیکردن لەرێگەی بەندەری ئوم قەسر، سپیکردنەوەی پارە لەرێگەی هەندێک کۆمپانیاوە لە عێراق، فرۆشتنی نەوتی ئێران بە حكومەتی سووریا، بە قاچاخ گەیاندنی چەک بۆ عێراق و یەمەن، پەرەدان بە پڕوپاگەندەکانی سوپای پاسداران و "میلیشیا تیرۆریستیەکانی" لە عێراق و ترساندنی سیاسەتمەدارانی عێراق.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، "ئەو میلیشیا تیرۆریستانەی کە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە پاڵپشتییان دەکرێت، وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق" لە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق بەردەوامن.

یەکێک لەو دامەزراوانەی سزای بەسەردا سەپێنراوە بریتییە لە "رێکخراوی نۆژەنکردنەوەی مەزارگە پیرۆزەکان لە عێراق" کە بارەگای لە ئێران و عێراقیش هەیە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، ئەو دامەزراوەیە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەڕێوەدەبرێت و تەنانەت بەرپرسەکانی لەلایەن قاسم سولەیمانی دانراون. بەگوتەی وەزارەتی گەنجینە، ئەو دامەزراوەیە ملیۆنان دۆلاری بۆ "کۆمپانیای بەهجەتەلکەوسەر بۆ ئاوەدانکردنەوە و بازرگانی"، کە لە عێراقە، گواستوەتەوە.

یەکێکی دیکە لە کۆمپانیا سزادراوەکان بریتییە لە "خەمائیل بۆ خزمەتگوزارییە دەریاوانییەکان" کە لە عێراقە و لە ئوم قەسر کاردەکات و هەروەها شێخ عەدنان حەمداوی، فەرماندەی کەتائیبی حیزبوڵڵاش لەناو سزادراوەکاندایە.


رووداو
Top