راوێژکاری ئەڵمانیا کەرەنتین کرا

راوێژکاری ئەڵمانیا کەرەنتین کرا
ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا دوای ئەوەی بەریەککەوتنی لەگەڵ پزیشکێک هەبووە کە پشکنینی بۆ کراوە و دەرکەوتووە هەڵگری کۆرۆنایە، کەرەنتین کرا.

میدیای ئەڵمانی بڵاویان کردووەتەوە، ئەو پزیشکەی کە کۆرۆنای هەبووە، دەرمانی پێکوتەی بە ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا داوە.

گوتەبێژی ئەنگێلا مێرکل دەڵێت، "مێرکلمان ئاگادارکردووەتە کە پزیشکەکە هەڵگری کۆرۆنایە داوی ئەوەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی راوێژکاری ئەڵمانیا رێوشوێنی نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا راگەیاند".

ئێستا تیمە پزیشکیییەکان چاودێری تەندروستیی راوێژکاری ئەڵمانیا دەکەن کە تەمەنی 65 ساڵی تێپەڕاندووە. ئەمە لەکاتێکدا تەندروستی جیهانی دەڵێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری بەسەر کەسانی بەتەمەن و خاوەن نەخۆشی درێژخایەن زیاترە.

مێرکل لە 17ـی ئاداری 1954 لە هامبۆرگ لەدایکبووە، پێشتر بەهۆی کێشەی تەندروستی لە سێ کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی جەستەی لەرزیوە و نەیتوانیوە کۆنترۆڵی خۆی بکات.

دوای ئەو کێشە تەندروستییانە مێرکل گوتوویەتی "بە ئاوخواردنەوە" چاکدەبێت.

تاوەکو ئێستا لە ئەڵمانیا نزیکەی 25 هەزار تووشبوو هەن لەنێوانیاندا نزیکەی 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم 300 کەسیش چاکبوونەتەوە.

لە نوێترین بڕیاریشیدا، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆبوونەوە و پێکەوە وەستانی زیاتر لە دوو کەسی قەدەخەکرد و رایگەیاند، بڕیاری قەدەخەکردنەکە بۆ ماوەی دوو هەفەتە بەردەوام دەبێت. پێویستە بڕیارەکەش لەلایەن سەرجەم هاووڵاتییانەوە جێبەجێ بکرێت.


رووداو
Top