زەنگی مەترسیی كۆرۆنا لە ئیتاڵیاوە بۆ جیهان

زەنگی مەترسیی كۆرۆنا لە ئیتاڵیاوە بۆ جیهان
شەڕی دژی مەرگ لە كاژێر یەكی پاشنیوەڕۆ كۆتایی دێت، لەوكاتەدا پزیشكانی یەكەی چاودێری چڕ، لە نەخۆشخانەیەكی میلان تەلەفۆن بۆ خێزانی تووشبووەكانی كۆرۆنا دەكەن، دوایین زانیارییان لەبارەی نەخۆشەكانیان پێدەدەن، بەبێ ئەوەی چیدی هەوڵبدەن هیوای درۆیین بدەنە خێزانەكان، چونكە دەزانن زیاتر لە نیوەی ئەوانەی لەو بەشەن دەمرن.

قۆناخی هەڵبژاردن لەنێوان نەخۆشەكاندا

ئیتاڵیا بەهۆی تەشەنەسەندنی خێرای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی لۆمباردییەوە گەیشتووەتە قۆناخێك كە لەنێوان نەخۆشەكاندا هەڵدەبژێرێت كێ چاك بكرێتەوە و دەست لە كێ بشۆردرێت. بۆ ئەو مەبەستە كۆمەڵێك پێوەر هەن، لەوانەش تەمەن، هەبوونی نەخۆشی درێژخایەن و هەبوونی خێزان.

لەنێوان تووشبووە گەنجەكان و بەساڵاچووەكاندا، بایەخ بەچاودێریكردنی گەنجان دەدرێت، لەنێوان بەساڵاچووان خۆشیاندا، بایەخ بەوانە دەدرێت كە خێزانیان هەیە، چونكە چاكبوونەوەكان دوای چاكبوونەوەش پێویستییان بە چاودێری چڕی خێزانەكانیان دەبێت.

قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە بە كۆڤیدـ19ش ناسراوە، بە گەورەترین قەیرانی تەندروستی ئیتاڵیا دادەنرێت لە دوای جەنگی جیهانی دووەم . لە یەكەكانی چاودێری چڕ، نەخۆشانی دیكەی ئیتاڵیا 12 بۆ 16٪ یان دەمرن، بەڵام لە یەكەكانی چاودێری چڕی كۆرۆنا ئەو رێژەیە تاوەكو 50٪ دەچێت.

نەبوونی ئامێری هەناسەدانی دەستكرد

یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی كە تووشی ئیتاڵیا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپاییش بووە، كەمی تەختی نەخۆشخانە و ئامێری هەناسەدانی دەستكردە بۆ بەشەكانی چاودێری چڕ. سەرۆكی كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی ئامێری هەناسەدانی دەستكرد دەڵێت "لە دۆخێكی ئاساییدا ئێمە مانگانە 160 ئامێری هەناسەدان دروستدەكەین، ئێستا ئامانجمان ئەوەیە لە چوار مانگدا 2000 ئامێر دروستبكەین".

ئامێری هەناسەدانی دەستكرد، كە هەر دانەیەكی بە دەیان هەزار دۆلارە، گەرەنتیی چاكبوونەوەی تووشبووەكانی كۆڤیدـ19 ناكات، بەڵام یارمەتیدەرێكە بۆ هەناسەدانی ئەو تووشبووانەی بە دەست نەخۆشی یان هەوكردنی سییەكانەوە دەناڵێنن.

كۆمپانیای هەمیڵتن مێدیكاڵ ئەی جی سویسری یەكێك لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی ئامێری هەناسەدانی دەستكردە، كە ساڵی رابردوو 15 هەزار دانەی لەو ئامێرەی بەرهەمهێنابوو و ئێستا دەیەوێ ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ 21 هەزار دانە لە ساڵێكدا بەرزبكاتەوە، بەڵام ئەو كۆمپانیایەش بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست تێداماوە ئامێرەكانی بفرۆشێتە كام وڵات. بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەو كۆمپانیایە هەفتەی رابردوو 400 لەو ئامێرانەی فرۆشتووەتە ئیتاڵیا. سەرەتای ئەم مانگە، ئیتاڵیا 4000 ئامێری هەناسەدانی دەستكردی كڕیوە.

داوای ئامێرەكانی هەناسەدان لە وڵاتانی دیكەی ئەوروپاش بەرزبووەتەوە. پێش بڵاوبوونەوەی كۆڤیدـ19، فەرەنسا نزیكەی 20 هەزار ئامێری هەناسەدەری هەبوو و ئێستا داوای 10 هەزار ئامێری دیكەی كردووە بۆی دروستبكرێت.

كریستۆف هێنتزێ، سەرۆكی بەشی فەرەنسی كۆمپانیای لۆڤێنستاین مێدیكاڵ، بە رادیۆی فەرەنسای راگەیاندووە فەرەنسا لە دۆخێكی ئاساییدا پێویستی بە هەزار بۆ هەزار و 500 هەناسەدەری دەستكرد هەیە، بەڵام ئێستا بە شێوەی هەفتانە خواستی ئەو ئامێرە بە سەدان زیاد دەكات.

ژمارە ترسناكەكانی كۆرۆنای ئیتاڵیا

ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئیتاڵیا لە رۆژی ١ی ئادار تاوەكو ٢٢ی ئادار لە هەزار و 701 كەیسەوە بۆ 53 هەزار و 578 كەیس بەرزبووەتەوە، لە هەمان ماوەشدا ژمارەی مردووەكان لە 41كەسەوە بۆ 4 هەزار و 825 كەس بەرزبووەتەوە.

ژمارەی كەیسە تۆماركراوەكانی ئیتاڵیاش بەشێوەیەكی ترسناك رووی لە زیادبوونە. لە رۆژی 22ی شوبات، ئیتاڵیا 58 كەیسی راگەیاند، لە رۆژی 21ی ئادار ئەو ژمارەیە بۆ 6557 كەیسی نوێ لە رۆژێكدا بەرزبووەوە.

جیاوازی ئاماری تووشبووەكان، مردووەكان و چاكبووەوەكانی ئیتاڵیاش زەنگی مەترسی گەورەی تێدایە. لە چین كە بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دادەنرێت لەسەرەتای ئادارەوە تاوەكو 21ی ئادار تەنیا 1028 كەیسی نوێی لێ تۆماركراون، كە ژمارەیەكی زۆریان خەڵكێكن لە وڵاتانی دیكەوە ڤایرۆسەكەیان هێناوەتەوە چین.

تاوەكو رۆژی 22ی ئادار، لە كۆی 81 هەزار و 54 تووشبووی كۆرۆنا، زیاتر لە 72 هەزار و 440 كەسیان چاكبوونەتەوە، كە دەكاتە ٨٩.٣٪ی تووشبووەكان.

ژمارەی ئەو تووشبووانەی لە چین چارەنووسیان یەكلابووەتەوە 75 هەزار 701 كەسە، لەو ژمارەیە 72 هەزار 440 كەسیان چاكبوونەوەتە (واتە 96٪ی تووشبووە یەكلابووەكان) و 3 هەزار 261 كەسیش گیانیان لەدەستداوە (واتە 4٪ی تووشبووە یەكلابووەكان). لە چین جیاوازی نێوان چاكبوونەوە و مردن 69179 كەسە.

لە ئیتاڵیا چارەنووسی 10 هەزار و 897 كەیس یەكلابووەتەوە. لەو ژمارەیە 6072 كەسیان چاكبوونەتەوە (واتە 56٪ی تووشبووە یەكلابووەكان) و 4 هەزار و 825 كەسیان گیانیان لەدەستداوە (واتە 44٪ی تووشبووە یەكلابووەكان).

لە رۆژی 9ی ئادارەوە، حكومەتی ئیتاڵیا قەدەخەی هاتووچۆی سەرتاسەری راگەیاندووە، كاتێك ژمارەی تووشبووەكانی ئیتاڵیا 9 هەزار و 172كەس بوو و، ژمارەی تووشبووەكان لە چاو رۆژی پێشتر 1797 كەس بەرز ببووەوە و ژمارەی گیانلەدەستداوانی نەخۆشییەكە گەیشتبووە 463 كەس، لەو رۆژەوە ژمارەی تووشبووان بە رێژەی زیاتر لە 30 هێندە زیادیكردووە و ژمارەی مردووانیش 10 هێندە زیادبووە.

ئاسایشی تەندروستیی ئیتاڵیا

پێنوێنی ئاسایشی تەندروستیی جیهانی لە دوایین راپۆرتیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئاسایشی تەندروستیی ئیتاڵیا لە پلەی 31 دێت. یەكێك لەو پێوەرانەی لە راپۆرتەكەدا دانراوە توانای رێگری لە تەقینەوە و بڵاوبوونەوەی پەتای هاوشێوەی كۆرۆنایە. لەم رووەوە ئیتاڵیا لە پلەی 45ی وڵاتانی جیهان دێت و رێژەی ئامادەیی ئەو وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاكانیش 47.5٪یە.

بە گوێرەی هەمان راپۆرت، سیستەمی تەندروستیی ئیتاڵیا لە پلەی 51ی جیهان دێت و تەنیا 36.8٪ی خاڵەكانی پێدراوە.


رووداو
Top