ئیتاڵیا لە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا کەوتە پێش چین
بەپێی دوایین ئامارەکان، لە ئیتاڵیا تاوەکو ئێستا 41 هەزار و 35 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 405 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و 440 کەسیشیان چاکبوونەتەوە.
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لە ئیتاڵیا 427 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و ئێستا زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدان لەسەر ئاستی جیهان لە ئیتاڵیایە.
هاوکات لە چین ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا 80 هەزار و 928 کەسن، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 245 کەس گیانیان لەدەستداوە و 70 هەزار و 420 کەسیش چاکبوونەتەوە.
لە جیهاندا ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا گەیشتووەتە 236 هەزار و 703 کەس، لەو ژمارەیەش نۆ هەزار و 828 کەس گیانیان لەدەستداوە و 86 هەزار و 676 کەس چاکبوونەتەوە.
شاری ووهان لە چین بە سەنتەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناودەبرێت، بەڵام بەپێی گوتەی بەرپرسانی چین کۆرۆنا لە چین بە گشتی و لە ووهان بەتایبەتی لەژێر کۆنترۆڵدایە. لەو شارە لە ماوەی رابردوودا 16 نەخۆشخانەی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە دروستکران و ئێستا بەهۆی کەمبوونەوە و کۆنترۆڵکردنی تووشبووانی ڤایرۆسەکە، سەرجەمیان داخراون.
رووداو
