ئەمریکا گەمارۆ دەخاتە سەر پێنج زانای ئەتۆمیی ئێرانی
لەمبارەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ چوارشەممە 2020.3.18 لە نوێترین ڕاگەیەندراوی خۆیدا ناوی پێنج زانای ئەتۆمیی ئێرانی ئاشکرا کردووە کە لە ڕیزی پسپۆڕانی ناوکیی ئێران بەناوی "ئاماد" دان و گەمارۆیان خراوەتە سەر.
ئیسرائیل و ئەمریکا ئێرانیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئەو وڵاتە لە ساڵی 2004ی زایینییەوە بە خستنەگەڕی پرۆژەیەکی نهێنی بەناوی "ئاماد" بەتەمای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمە. ئێرانیش بە ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتە پێداگری لەسەر ئاشتیخوازنەبوونی بەرنامەی ئەتۆمیی خۆی دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا ناوی پێنج زانای ئەتۆمیی ئێرانی هاتووە کە ڕۆڵیان لە پێشخستنی بەرنامە ناوکییەکەی ئێراندا کە بریتین لە "محەمەدمەهدی هێدەوی، کامران دانشجوو، عارف بالی لاشەک، مەهدی تێهرانچی و عەلیمەهدی پوورعومرانی".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە باسی ئەوەی کردبوو کە ئەو پێنج کەسە خراونەتە لیستەی گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکاوە، بەڵام ئەمڕۆ ناوەکانیان ئاشکرا کراوە.
دەوڵەتی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی مەی ساڵی 2018ەوە لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران (بەرجام) هاتووەتە دەرەوە و ڕێکاری زەخت و گوشار و گەمارۆی لەدژی ئێران گرتووەتە بەر کە ئەمەش کاریگەریی ئابووری و سیاسیی لەسەر ئێران هەبووە.
باسنیوز
