دەزگای دادوەریی ئێران بڕیاری ئازادکردنی هەندێ بەندکراوی سیاسیی دا
میدیا فەرمییەکانی ئێران کە ئەم فەرمانەیان بە "کەم وێنە" لەقەڵەم داوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو فەرمان و بڕیارە لەلایەن عەلی خامنەییەوە دراوە و ئەو بەندکراوە سیاسی و ئەمنییانە دەگرێتەوە کە حوکمیان کەمتر لە پێنج ساڵ بێت و هاوکات بەشێک لەو بەندکراوانەی ئەم مانگە ڕۆیشتوونەتەوە بۆ مۆڵەت ئەو لێخۆشبوونە دەیانگرێتەوە و ئازاد دەکرێن.
"قانوون" ماڵپەڕی دەزگای دادوەریی ئێران لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە کە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران لە نامەیەکدا بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری ئەو وڵاتە داوای کردووە بە فەرمانێک لە بەشێک لە حوکمی بەندکراوانی سیاسی و ئەمنیی دادگاکانی شۆڕش و دەزگای دادوەریی هێزە چەکدارەکان و دەزگاکانی خۆش ببێت، یان فەرمانی کەمکردنیان بدات.
پێشتر عوڵامحوسێن، ئیسماعیلی، گوتەبێژی دەزگای دادوەریی ئێران ڕای گەیاندبوو کە نزیکەی 85 هەزار بەندکراو لە ئێران مۆڵەتیان پێ دراوە و نێردراونەتەوە ماڵەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندان ڕاپۆرت و هەواڵ لەبارەی دۆخی مەترسیی ناو گرتووخانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆرنا بڵاو کرایەوە.
هەتا ئێستا دوو بەندکراوی کورد بەناوەکانی "عارف محەمەدی و ئەیووب سادقی" ئەو بڕیاری لێخۆشبوونە گرتوویانیەتەوە و لە زیندان ئازاد کراون.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ١٤ بەندکراوی تووشبوو بە پەتای کۆرۆنا لە بەندیخانەی ئورمیە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە گوازراونەتەوە کە کەسێکیان گیانی لە دەست داوە.
باسنيوز
