سعودیە بەهۆی کۆرۆناوە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی سەرانی G20 دەکات

 سعودیە بەهۆی کۆرۆناوە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی سەرانی G20 دەکات


بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، شانشینی عەرەبستانی سعودیە داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سەرانی گرووپی 20 دەکات.

لە بەیاننامەیەکدا، حکوومەتی سعودیە رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی چارەسەرکردنی کۆرۆنا و کاریگەریی ئەو ڤایرۆسە لەسەر ئابووریی جیهانی، تەرخان دەکرێت.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، سعودیە، کە ئەمساڵ سەرۆکایەتیی گرووپی 20 دەکات، بەردەوامە لە پەیوەندیکردن بە ئەندامانی گرووپەکە بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو سەرانی گرووپ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ساز بکەن.

گرووپی 20، کە بە (G20) ناسراوە، لە ساڵی 1999 بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی جیهانی دامەزراوە و ئەندامەکانی نوێنەرایەتیی دوو لەسەر سێی بازرگانیی جیهانی دەکەن.

ئەندامانی گرووپی بریتین لە ئەمریکا، سعودیە، کەنەدا، ئوسترالیا، هیندستان، باشووری ئەفریقیا، رووسیا، تورکیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، یابان، چین، ئیندۆنیسیا، کۆریای باشوور ئەرجەنتین، بەرازیل و مەکسیک.

بەپێی دوایین ئامار، تا ئێستا 199 هەزار و 703 کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 82 هەزار و 956 کەس چاک بوونەتەوە و حەوت هەزار و 993 کەسیش گیانیان لەدەست داوە.








باسنيوز
Top