توویتێکی ترەمپ لەسەر کۆرۆنا چین تووڕەدەکات

توویتێکی ترەمپ لەسەر کۆرۆنا چین تووڕەدەکات
سەرۆکی ئەمریکا لە توویتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا بە "ڤایرۆسی چینی" ناودەبات و ئەمەش چین تووڕەدەکات، جینگ شوانگ، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی چین هۆشداریی دا و رایگەیاند، دەبێت ئەمریکا پێش باسکردنی چین بە خراپی "سەرقاڵی کاری خۆی بێت".

توویتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە یەکەمین کەیسی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا (ناسراو بە COVID-19) لە شاری ووهان لە چین لە کۆتایی ساڵی 2019 تۆمارکرا.

سەرۆکی ئەمریکا لە توویتەکەیدا دەڵێت "ئەمریکا بە شێوەیەکی بەهێز پاڵپشتیی پیشەسازییەکانی وەکو هێڵە ئاسمانییەکان و پیشەسازیی دیکە دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی کاریگەریی ڤایرۆسی چینی-یان لەسەرە. ئێمە لە هەرکاتێکی دیکە زیاتر بەهێزترین!"
جینگ شوانگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە "داوا لە ئەمریکا دەکەین هەڵەکەی راستبکاتەوە و دەستهەڵگرێت لە تۆمەتە بێبنەماکانی لە دژی چین".

هاوکات ئاژانسی فەرمیی شینخوای سەر بە حکومەتی چین رایگەیاندووە، زمانی ترەمپ زمانێکی "نەژادپەرستی و زێنۆفۆبیایە (ترس لە بیانی)".

هەفتەی رابردووش گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی چین سوپای ئەمریکای تۆمەتبارکرد بە هێنانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ شاری ووهان، ئەوەش وای لە مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی چین کرد کە داوا لە چین بکات دەستهەڵگرێت لە "بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست".

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی دەدات و دەڵێت، نابێت ڤایرۆسەکە بلکێنرێت بە هیچ شوێن و گرووپێکی تایبەتەوە.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 190 هەزار کەس لە جیهاندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش حەوت هەزار و 516 کەس گیانیان لەدەستداوە و 80 هەزار و 643 کەسیش چاکبوونەتەوە.

لە چین ژمارەی تووشبووان 81 هەزار و 58 کەسە، سێ هەزار و 230 کەس گیانیان لەدەستداوە و 68 هەزار و 798 کەس چاکبوونەتەوە. لە ئەمریکاش پێنج هەزار و 204 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، 92 کەس گیانیان لەدەستداوە و 17 کەس چاکبوونەتەوە.
Top