لە شاری قومی ئێران بە کۆمەڵ قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەنێژرێن

لە شاری قومی ئێران بە کۆمەڵ قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەنێژرێن
لە پارێزگای قومی ئێران بە کۆمەڵ قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەنێژرێن دوای ئەوەی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە پارێزگاکە سەری هەڵدا و زۆرترین کەسی لەوێ تووشکرد.

ئەوانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە تەرمەکانیان بە کۆمەڵ بۆ گۆڕستان بەڕێ دەکرێن و لەلایەن تیمەکانی حکومەتەوە دەنێژرێن.

دالیا سەمحووری، بەرپرسی ناوچەیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دوێنێ شەو ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ئامارانەی ئێران و میسر بڵاویان کردوونەتەوە، لەوانەیە لە قەبارەی خۆیان بچوکتر کرابن.

دالیا باسی لەوە کرد، "مەبەستم ئەوە نییە کە ئێران بە ئانقەست ئامارەکان بشارێتەوە، بەڵکو سرووشتی ڤایرۆسی کۆرۆنا وایە ئامارەکانی بە ئاسانی پشستڕاست ناکرێنەوە".

تاوەکو بەیانیی رۆژی دووشەممە 16ی ئاداری 2020 لە ئێراندا 13 هەزار و 938 تووشبووی کۆرۆنا هەن و 724 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
Top