لە ئەمریکا پێکوتەی دژەکۆرۆنا لەسەر یەکەمین کەس تاقیکرایەوە
پەیمانگەکە ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارە پێکوتەکە لە شەش هەفتەدا بەسەر 45 مرۆڤی پێگەیشتوودا تاقیبکرێتەوە و لەو ماوەیەدا ئەو پێکوتەیە بە دوو دەرزی لێدەدرێت.
تیمی پزیشکی کە چاودێریی پرۆسەکە دەکات، ئەوەی خستەڕوو، قۆناخی یەکەم بریتییە لە تاقیکردنەوەی پێکوتەکە و چاودێریکردنی کاریگەرییەکانی کە ئەگەر ئەرێنی بوون، ئەو کاتە دەست بە قۆناخی دووەم دەکرێت کە بریتییە لە چڕکردنەوەی بڕ و پێکهاتەی پێکوتەکە.
دکتۆر ئەنتۆنی فووچی، سەرۆکی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ هەستیاری و نەخۆشییەکان دەڵێت، :بە تاقیکردنەوەی پێکوتەکە یەکەمین هەنگاومان بە ئاراستەی دروستکردنی پێکوتەی دژەکۆرۆنا ناوە و قۆناخی یەکەمی پێکوتەی دژەکۆرۆنا یەکەمین و خێراترین هەنگاوە کە لە جیهاندا نراوە.
پێکوتەکە لەلایەن پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ هەستیاری و نەخۆشییەکان و پەیمانگەی لێکۆڵینەوە تەندروستییەکان لە شاری سیاتڵ خەرجییەکانی دابینکراون و بەهاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای دەرمانی مۆدێرنا ئامادەکراوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ هەستیاری و نەخۆشییەکان، زانایانی ئەمریکی لە دروستکردنی پێکوتەکەدا پشتیان بە داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە پێکوتەی دژەڤایرۆسی سارس و مێرس بەستووە کە بریتییە لە وەرگرتنی پرۆتینی سەر ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لەرێگەیەوە توانیویانە پێکوتەی دژی ڤایرۆسەکە دروستبکەن.
