سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی پەیامێکی گرنگ ئاراستەی وڵاتان دەکات
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، زۆربەی وڵاتان رێکاری باش و توندیان بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا گرتووەتەبەر، بەڵام دەبێت هەمووان بزانن تاکە رێگە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە ئەوەیە بڵاوبوونەوەی لەنێو خەڵکیدا رابگرین.
سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەستخۆشی لەو وڵاتانەدەکات کە رێکاری توندیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە گرتووەتەبەر و پەیامێکیان ئاراستە دەکات و دەڵێت، "پشکنین، پشکنین و پشکنین بکەن، هەموو گومانلێکراو و تووشبوویەک بدۆزنەوە و پشکنیان بۆ بکەن، ئەگەر هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون، سەرچاوەی تووشبوونیان بدۆزنەوە، ئەمە کاریگەرترین رێگەیە."
د. تێدرۆس گووتیشی، " بەشێکی وڵاتان تووشی گرفت لە چارەسەرکردنی تووشبووان بوونەتەوە و نەخۆشخانەکانیان جێگەی تووشبووان ناکات، بەڵام دەبێت چارەسەرکردنی بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە لە پێشینەی هەموو ئەوانە بێت کە بە سووکی نەخۆشییەکەیان گرتووە".
ئادهانۆم روونیدەکاتەوە، بۆ ئەو وڵاتانەی نەخۆشخانەکانیان پڕن و جێگەی نەخۆشی تێدا نابێتەوە دەتوانن ئەو تووشبووانەی نەخۆشییەکەیان بە سادەیی گرتووە بنێرنەوە ماڵەوە، بەڵام دەبێت لە ماڵەوە بە وردی چاودێری بکرێن بۆ ئەوەی ئەندامانی خێزانەکە تووشنەبن، بۆ نموونە یەک کەس کە دۆخی تەندروستی باشە دەبێت لە ماڵەوە چاودێری تووشبووەکە بکات و بەردەوام دەستی بشوات ماسکی پزیشکی بەکاربهێنێت، هەروەها کەسە تووشبووەکە بە تەنیا لە ژوورێک بخەوێت وهەموو کەلوپەل و شتەکانی جیابکرێنەوە.
سەرۆکی رێکخراوەکەی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئەو تووشبووانەی چاکدەبنەوە و نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان نامێنێت هێشتا مەترسیی هەیە ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا بێت و بیگوازنەوە بۆیە دەبێت تاوەکو دوو هەفتە کەس سەردانیان نەکات و بەردەوام چاودێری دۆخی تەندروستییان بکرێت.
