باڕ و یانەکانی شەوانەی تورکیا دادەخرێن

باڕ و یانەکانی شەوانەی تورکیا دادەخرێن
لەچوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی تورکیا بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاردراوە بە داخستنی باڕ و یانەکانی شەوانە لە سەرانسەری تورکیادا.

بەگوێرەی فەرمانێک کە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە ناردویەتی بۆ پارێزگارەکانی 81 پارێزگای تورکیا، لە ئەمرۆوە تا کاتێکی نادیار سەرجەم باڕ و یانەکانی شەوانە لە تورکیادا دادەخرێن.

داخستنی باڕ و یانەکانی شەوانە لەدوای کۆبونەوەیەکی دو قۆڵی وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆ، بە بەشداری ڤیدیۆ کۆنفرانسی وەزیرانی تەندروستی و گەشتوگوزاری تورکیا بڕیاری لێدرا.

بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکە قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانیەکانی تورکیا بو لە نێوان وڵاتانی ئەڵمانیا، ئیسپانیا، فرەنسا، نەمسا، نەرویج، دانمارک، سوید، بەلجیکا و هۆڵندا.

داواش لە هاوڵاتیانی تورکیا کراوە کە لە ئێستادا بۆ مەبەستی خوێندن یاخود بازرگانی لەو چەند وڵاتە نیشتەجێن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، پێویستە بە زوترین کات سەردانی نوێنەرایەتی تورکیا بکەن لەو وڵاتانە.

بەرەبەیانی ئەمرۆ دوشەممە فەهرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیا لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، 8 حاڵەتی نوێی توشبون بە کۆرۆنا لە تورکیادا تۆمار کراوە، بەوەش ژمارەی توشبوان لەو وڵاتەدا بۆ 18 کەس بەرزبوەوە.

لەئەنجامی بەرزبونەوەی رێژەی توشبوان لە توركیا، حكومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی سەردانی نەخۆش لە سەرجەم نەخۆشخانەكاندا.




خەندان
Top