ترەمپ هەوڵی کڕینی توێژینەوەیەکی ئەڵمانیا دەدات

ترەمپ هەوڵی کڕینی توێژینەوەیەکی ئەڵمانیا دەدات
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، توێژینەوەی وڵاتەکەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ فرۆشتن نییە، ئەمەش دوای ئەوەی چەند هەواڵێک بڵاوکرانەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەیەوێت، توێژینەوەی دەستەیەکی بایۆتەکنەلۆژی ئەڵمانی بکڕێت و تەنها بۆ ئەمەریکا بە کاری بهێنێت.

هێیکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە کەناڵی فونکی گوتووە: "توێژەرانی ئەڵمانیا رۆڵێکی باڵایان لە دۆزینەوەی پێکوتە هەیە، ئێمە رێگا نادەین کەس توێژینەوەکان بۆخۆی ببات".

هەروەها وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە بارەی ئەو دەنگۆیانە گووتی: "ئەم باسە لەگەڵ لیژنەی قەیرانەکان باس دەکەم".

رۆژنامەی وێڵتی ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکی ئەمەریکا دەیەوێت توێژینەوەیەک لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئەڵمانییەکان ئەنجامیان داوە بە ملیارەها دۆلار بکڕێتەوە و تەنها بۆخۆی بەکار بهێنێت.

بەگوێرەی ئەو رۆژنامەیە، ئەمەریکا فشاری زۆری خستووەتەوە سەر توێژەران و حکوومەتی ئەڵمانیاش دەیەوێت رێگری لەوە بکات.


K24
Top