میدیای فەرمیی حکومەتی چین سیاسییەکانی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی "ڤایرۆسی سیاسی" تۆمەتباردەکات
ماڵپەڕی شینخوا کە سەر بە حکومەتی چینە، هەریەکە لە ڕۆبەرت ئۆبراین، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای بە بڵاوکردنەوەی "ڤایرۆسی سیاسیی" تۆمەتبارکردووە بۆ خستنی چین.
هەفتەی رابردوو ئۆبراین رایگەیاند، چین بەشێوەیەکی هێواش کاردانەوەی بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبووە. پۆمپەیۆش رایگەیاند، وەڵامی ئەمریکا بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهۆی "داتا ناتەواوەکانی چین"ەوە "رێگریی" بۆ دروستکرا.
ماڵپەڕی شینخوا ئاماژەی بەوە کردووە، کردارەکانی چین، لەنێویاندا ڤارێزکردنی ملیۆنان کەس "کاتێکی بەنرخ"ی دا بە جیهان بۆئەوەی خۆیان ئامادەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
میدیاکەی حکومەتی چین ناڕەزایی تووندی دەربڕیوە بەرامبەر ئەو سیاسییانەی ئەمریکا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە "ڤایرۆسی ووهان" یان "ڤایرۆسی چین" ناودەبەن.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 157 هەزار کەس لە جیهاندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 73 هەزار و 968 تووشبوو چاکبوونەتەوە و پێنج هەزار و 833 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
ڤایرۆسەکە کۆتایی ساڵی 2019 لە شاری ووهانی چین سەریهەڵدا و تاوەکو ئێستا بە زیاتر لە 150 وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە.
