ئێران زانیاری سەبارەت بە رەگەزی تووشبووەکانی بە کۆرۆنا بڵاوکردەوە

ئێران زانیاری سەبارەت بە رەگەزی تووشبووەکانی بە کۆرۆنا بڵاوکردەوە
ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران کاژێر لەدوای کاژێر بەرزتر دەبێتەوە و ژمارەی مردووانیش، وەک حکومەت رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا لە 550 کەس نزیک بووەتەوە.

کیانووش جەهانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندرووستیی ئێران توویتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا چەند خشتەیەکی تایبەت بە ئاماری مروودان بە گوێرەی رەگەز و تەمەنی پیشانداوە.

لە خشتەی یەکەمدا دەردەکەوێت، رێژەی تووشبووان لە رەگەزی نێر بۆ رەگەزی مێ چوار بە یەکە، واتە لە پێنج تووشبوودا چوار پیاو و ژنێک هەن.
تێکڕای تەمەنی تووشبووان لە رەگەزی نێر 54 ساڵە و رەگەزی مێ 55 ساڵە.

تەمەنی تووشبووان بەلای کەمەوە یەک ساڵ و بەلای زۆریشەوە 98 ساڵە.

لە خشتەی دووەمدا رێژەی مردووان لە رەگەزی نێر بۆ مێ چوار بە یەکە، واتە لە پێنج تووشبوودا چوار پیاو و ژنێک هەن.

تێکڕای تەمەنی مردووان لە رەگەزی نێر 67 ساڵە و رەگەزی مێ 64 ساڵە.

تەمەنی مردووان بەلای کەمەوە سێ ساڵ و بەلای زۆریشەوە 91 ساڵە.

ئێستا لەسەر نەخشەی جیهان تایبەت بە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدوای زیاتر لە 80 هەزار تووشبووەکەی چین و زیاتر لە 21 هەزار تووشبووەکەی ئیتاڵیا، ئێران لە پلەی سێیەمدا دێت.

هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، زیاتر لە هەزار ناوەندی گەڕۆکی تەندرووستی چالاککراون و کارگەکانی سەر بە سوپای وڵاتیش بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی ماسک و دەستکێش و نەخۆشخانە سەربازییەکانیش زیاتر لە شەش هەزار تەختیان تەرخانکردووە.
Top