ئیسپانیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا باری نائاسایی رادەگەیێنێت
لە ئیسپانیا ئامادەکاری دەکرێت بۆ راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆی سەرتاسەریی، دوای ئەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرزبووەتەوە.
تاوەکو کاژێر 5ی ئێوارەی رۆژی شەممە (14-03-2020)، پێنج هەزار و 945 کەس لە ئیسپانیا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 191 کەسیش گیانی لەدەستدا.
وڵاتانی ئەوروپی هاتوونەتە بەرەی پێشەوە لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئیتاڵیا بە 17 هەزار و 660 کەس لە دوای چینەوەیە، ئیسپانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا ژمارەی تووشبووانیان لەیەکدییەوە نزیکن.
بەپێی دوایین ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تاوەکو ئێستا لە سەرتاسەری جیهان، 147 هەزار و 838 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، هەروەها پێنج هەزار و 539 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 71 هەزار کەسی دیکەش چاکبوونەتەوە.
