زەریف بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش: کۆرۆنا وڵاتەکەم وێران دەکات
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێک بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنێرێت و تێیدا رایدەگەیەنێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا وڵاتەکەی وێران دەکات.
لە نامەکەیدا، کە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی کردووەتەوە، محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، ئەمریکا بەردەوامە لە سەپاندنی گەمارۆ ”نامرۆڤایەتییەکان“ لەسەر ئێران.
محەمەدجەواد زەریف هەروەها رایگەیاندووە، ڤایرۆسی کۆرۆنا ئێران وێران دەکات و پێویستە سزاکانی ئەمریکا هەڵبگیرێن، بۆ ئەوەی وڵاتەکەی بتوانێ کەلوپەلی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا هاوردە بکات.
وەزیری دەرەوەی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئێستا کاتی ئەوەیە تەنیا سەرنج بخرێتە سەر لەناوبردنی کۆرۆنا نەک شەڕ دژی هاووڵاتییانی ئێران.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد و چەندین سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
بەپێی دوایین ئامار، تا ئێستا 11 هەزار و 364 کەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 514 کەس گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
