سەرۆکوەزیرانی کەنەدا و هاوژینەکەی خۆیان کەرەنتین دەکەن

سەرۆکوەزیرانی کەنەدا و هاوژینەکەی خۆیان کەرەنتین دەکەن
پاش سەردانیان بۆ بەریتانیا و گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان، جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا و هاوژینەکەی رایانگەیاند، بڕیاریانداوە خۆیان لە ماڵەوە کەرەنتین بکەن. ترودۆ بڕیاریداوە کە ئەرکەکانی لەڕێگەی تەلەفۆنی و ڤیدیۆوە ئەنجامبدات.

سۆفی گریگۆر، هاوژینی جەستن ترودۆ سەردانی بەریتانیای کردبوو، دوای گەڕانەوەی، نیشانەکانی هەڵامەتی لێ دەرکەوتبوو، بۆیە لەگەڵ ترودۆ بڕیاریانداوە خۆیان لە خەڵکی بەدووربگرن، نەوەکو تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبێت و بەهۆی ئەوانەوە خەڵکی تووش ببێت.

نیشانەکانی هەڵامەتەکەی هاوژینی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ئەمڕۆ کەمبوونەتەوە، بەڵام پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ کراوە و ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.

سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بڕیاریداوە لە ماڵەوە لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی و ڤیدیۆییەوە ئەرکەکانی خۆی راپەڕێنێت و ئەمڕۆش کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ وەزیرانی کابینەکەی هەڵوەشاندەوە.

لە کەنەدا کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 122 کەس، لەو ژمارەیە یەک کەس گیانی لەدەستداوە و نۆ کەسیش چاکبوونەتەوە.

لە جیهاندا ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە 133 هەزار و 83 کەس، لەو ژمارەیە چوار هەزار و 947 کەس گیانیان لەدەستداوە و 68 هەزار و 898 کەسیش چاکبوونەتەوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا چییە؟

ڤایرۆسی کۆرۆنا گروپێكی فراوانی ڤایرۆسەکانە، ساڵی 1960 لە مرۆڤدا دەستنیشانکرا، نیشانەکانی هاوشێوەی نیشانەی سەرمابوونن، بەڵام لە هەندێك کەسدا تووندترن و نەخۆشییەکی کوشندەیە.

تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تووشی سەرئێشە، ئاولەلووتهاتن، کۆکە و تا، هەناسەتەنگی، ئازاری جەستە و لەرز دەبن.

سەنتەری کۆنترۆڵکردن و پێشگیریکردن لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەوە دەڵێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشێكەوە بۆ نەخۆشێكی دیکە لەڕێگەی کۆکە، پژمە و دەستلێدان دەگوازرێتەوە.
Top