ئێسپەر: ترەمپ گوتی، خۆت دەزانیت چۆن وەڵامی هێرشەکەی تاجی دەدەیتەوە

ئێسپەر: ترەمپ گوتی، خۆت دەزانیت چۆن وەڵامی هێرشەکەی تاجی دەدەیتەوە
بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا دەڵێن، دەزانن کێ هێرشە مووشەکییەکەی دوێنێی بۆسەر بنکەی سەربازیی تاجی ئەنجامداوە و وەڵامی تووندی دەدەنەوە. وەزیری بەرگریی ئەمریکاش دەڵێ، ترەمپ پێی گوتووە "خۆت دەزانیت چۆن وەڵامی هێرشەکەی تاجی دەدەیتەوە".

مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، لەبارەی هێرشەکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ قسەیکردووە و دەسەڵاتی تەواوی پێداوە بۆ ئەنجامدانی هەر شتێک کە پێویست بێت.

مارک ئێسپەر بە میدیاکانی وڵاتەکەیی راگەیاندووە "بژاردەکان کراوەن بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی تاجی و ئەنجامدەرانی هێرشەکە بەسزا دەگەیێنین. ناکرێت بنکەکەنمان بکەیتە ئامانج، ئەمریکییەکان بکوژیت و برینداربکەیت و هەڵبێیت".

مارک ئێسپەر و مارک میڵی، سوپاسالاری ئەمریکا ئامادەنەبوون هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەگەری کاردانەوەی سوپای وڵاتەکەیان رابگەیێنن.

شەوی چوارشەممە 11-3-2020، چەند مووشەکێک ئاراستەی بنکەی سەربازیی تاجی لە بەغدا کران، بەو هۆیەشەوە دوو سەربازی ئەمریکی و سەربازێکی بەریتانی کوژران.

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە توویتێکیدا لەبارەی هێرشەکەی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق نووسیویەتی "هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی تاجی لە عێراق نابێت چاوپۆشی لێ بکرێت".

دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی تاجیی بە هێرشێکی "ترسنۆکانە" ناوبرد، وەزیری بەرگریی بەریتانیاش رایگەیاند "بۆئەوەی ئەم وڵاتە بە سەلامەتی بمێنێتەوە، ئەمەش هاوئاهەنگیمان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی بۆ شەڕکردن دژی دوژمنێکی کوشندەی هاوشێوەی داعش لێدەخوازێت".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-3-2020 وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی تاجی کرد؛ لە هەمان کاتدا، حیزبوڵڵای عێراقیش دەستخۆشی لە ئەنجامدەرانی هێرشەکە کرد.

بنکەی سەربازیی تاجی لە باکووری شاری بەغدایە و جگە لە هێزە عێراقییەکان زیاتر لە 250 سەربازی هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرن.

سەربازگەکە بە دووری 25 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەغداوە، فڕۆکەخانەی سەربازی و کۆگای مووشەکی و 53 جۆری جیاوازی ئامێری سەربازیی تێدایە.

دوای هێرشەکەش سەرچاوەیەک لە راگەیاندنی حەشدی شەعبی راگەیاند "بە مووشەک و فڕۆکە پێگەی گرووپەکانی نوجەبا، فاتمیوون، حیزبوڵڵا و زەینەبیوون لە ناوچەی ئەلبوکەمال بۆردوومانکراون. بۆردوومانێکی زۆر چڕ بووە و زیانێکی زۆری هەبووە".
Top