ئەردۆغان: هیچ ڤایرۆسێک لە رێوشوێنە تەندروستییەکانمان بەهێزتر نییە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند "ئەو رێوشوێنە تەندروستییانەی گرتوومانەتەبەر دژی ئەم ڤایرۆسە، کاریگەرترین دەبێت، هاوشێوەی ئەو رێوشوێنە تەندروستییانەی دژی هەر نەخۆشییەکی دیکە گرتوومانەتەبەر".
سەرۆککۆماری تورکیا ئامۆژگاریی خەڵک بە گشتی و بەتایبەتی کەسانی بەتەمەن و ئەوانەی بەرگریی لەشیان لاوازە، دەکات کە بۆ ماوەیەک خۆیان لە قەرەباڵخی بەدووربگرن.
سەبارەت بەو کەسەی لە تورکیا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، ئەو کەسە لە ئەوروپا بووە و چارەسەری پێویستی بۆ دەکرێت "خانەوادەکەشی لەژێر چاودێریدان".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، یەکەمین مەرجی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پاکوخاوێنییە و دەبێت هەمووان پابەندی هۆشیارییە تەندروستییەکان بن، هەروەها داوایشیکرد کە خەڵک پەیوەندییە فیزیکییەکان لەگەڵ یەکتری راگرن.
رۆژی چوارشەممە 11-3-2020 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ کامێرامانێکی زیادە چووە نێو پەرلەمانی وڵاتەکەی، ئەو کامێرایە ناوی "سێرماڵ کامێرا"یە و بۆ دەستنیشانکردنی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاردەهێنرێت. کامێراکەش لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیا بۆ مەبەستی ناسینەوە و پشکنینی ئەو کەسانە بەکاردەهێنرا کە لە نزیکەوە چاویان پێی دەکەوت، ئەمەش بۆ پاراستنی ئەردۆغان لەو کەسانەی گومانی تووشبوون بە کۆرۆنایان لێ دەکرێت.
سێرماڵ کامێرا جۆرێکی کامێرایە، لە بواری ئەمنیدا زۆر بەکاردەهێنرێت، ئێستا لە بواری تەندروستیش بەکاردێت، لەڕێگەی ئەم جۆرە کامێرایەوە خەڵک دەتوانن بەشێک لەو شتانە ببینن کە چاو توانای بینینیانی نییە بۆ نمونە، تەن و هەوای گەرم.
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 11-3-2020 رایگەیاند، یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە تورکیا تۆمارکراوە، بەڵام زانیاریی زیاتری لەبارەی تووشبووەکە نەدا.
