ئەنجوومەنی ئاسایش پشتگیریی ڕێککەوتنی ئاشتیی ئەمریکا و تاڵیبان دەکات

 ئەنجوومەنی ئاسایش پشتگیریی ڕێککەوتنی ئاشتیی ئەمریکا و تاڵیبان دەکات


ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بڕیارنامەیەکدا پشتگیری لە ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان گرووپی تاڵیبان و بەیاننامەی هاوبەشی ئەمریکا و دەوڵەتی ئەفگانستانی کردووە.

ئەو بڕیارنامەیە لەلایەن ئەمریکاوە لە ئەنجومەنی ئاسایش خراوەتە بەرباس و بەبێ هیچ دژبەرێک پەسەند کراوە.

زەڵمای خەلیل‌زاد، نوێنەری ئەمریکا بۆ ئاشتیی ئەفغانستان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) ئاشکرای کردووە، ئەو بڕیارنامەیە نیشانەی پشتیوانیی نێودەوڵەتییە لەو هەنگاوەی ئەوان بۆ ئاسایشی جیهان و ئاشتی، یەکێتی و سەروەری بۆ خەڵکی ئەفغانستان.

زەلـای خەلیل‌زاد ئاماژەی بەوەش داوە ئەو بڕیارنامەیە داوا لە گرووپی تاڵیبان و دەوڵەتی ئەفغانستان دەکات درێژە بە ڕەوتی متمانەبەخشین بدەن و هەرچی خێراتر بۆ گفتوگۆ نێوان ئەفغانییەکان هەنگاو هەڵبگرن.

لە ڕێککەوتننامەی ئاشتیی ئەمریکا و تاڵیباندا هاتبوو کە ئەمریکا هەوڵ دەدات ئەم ڕێککەوتننامەیە لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە پشتگیریی لێ بکرێت.

لە بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا کە هاوپێچی تویتەکەی زەڵمای خەلیل‌زاد کراوە، هاتووە ئەو دامەزراوەیە بۆ سەقامگیریی ئاسایش و ئاشتی لە ئەفغانستان، پشتگیریی هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات و بۆ خۆشی لەم ڕاستایەدا درێژە بە هاوکاری دەدات.

بڕیارنامەکە جەختی کردووەتەوە کە ئەو دامەزراوەیە "ئمارەتی ئیسلامیی ئەفغاسنتان" بە فەرمی ناناسێت" و ئەنجوومەنی ئاسایش پشتگیریی گەڕاەنوەی ئەو ئیمارەتە ئیسلامییە ناکات.

لە بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا هاتووە کەلە ڕەوتی دانوستانەکانی ئاشتیدا دەبێ گرووپە جیاوازە سیاسی، چالاکانی مەدەنی، بۆ وێنە ژنان پشکیان هەبێ و بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە و بەتایبەت ژنان هەوڵی زۆر بدرێت.

ڕێککەوتننامەی مێژوویی نێوان ئەمریکا و گرووپی تاڵیبان، کەلە دەوحەی پایتەختی قەتەر واژۆ کرا، لەسەر چوار تەوەر چڕ بووەتەوە کە بنەمای دانوستانی ١٨ مانگەی نێوانیانە.

لە هەموو ئەو ڕێککەوتننامەیەی نێوان تاڵیبان و ئەمریکادا ڕاشکاوانە جەخت کراوەتە کە ئەمریکا گرووپی تاڵیبان وەک دەوڵەت بە فەرمی ناناسێت.

ناوی تەواوی ڕێککەوتننامەکە بەم چەشنەیە: "ڕێککەوتننامەی هێنانی ئاشتی بۆ ئەفغانستان لە نێوان ئیماراتی ئیسلامیی ئەفغانستان کە ئەمریکا وەک دەوڵەت بە فەرمی نایناسێت و بەناوی تاڵیبان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەناسرێت."





باسنيوز
Top