سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا داوادەکات بە قاچ تەوقە بکرێت

سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا داوادەکات بە قاچ تەوقە بکرێت
مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا داوادەکات کە تەوقەکردن بە دەست راگیرێت و دەڵێت "بە قاچەکان تەوقە بکەن یان بە ئەنیشکتان، چۆنتان پێخۆشە بەو شێوەیە".

ئەوەی جێگەی سەرنجی میدیاکان بوو، ئەوەبوو کە پاش ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا داوایکرد بە دەست تەوقە نەکرێت، رووی کردە بەرپرسێکی تەندروستی و تەوقەی لەگەڵ کرد، کاتێکیش بە هەڵەکەیانیان زانی دەستیان بە پێکەنین کرد و رووتە گوتی "ناتوانین چیتر ئەوە بکەین! نا! نا! تەواو!"

وادیارە سادەترین رێگەکان کە بوون بە خووی رۆژانە، بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا قورس بن. پێشتریش سارە کۆدی، بەڕێوەبەری تەندروستیی گشتی سانتا کلارا لە کالیفۆڕنیا لەکاتێکدا داوای لە خەڵکی دەکرد کە دەست لە رووخساریان نەدەن، دەستی لە رووخساری دا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش هەفتەی رابردوو لە گوتەیەکی تەنزئامێزدا گوتی، چەند هەفتەیەکە دەستی لە رووخساری نەداوە، بەڵام وێنەکانی چەند رۆژی پێش گوتەکەی ترەمپ ئەوەیان خستەڕوو کە ترەمپ دەستی بەر رووخساری کەوتووە.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، زۆربەی وڵاتانی جیهان رێوشوێنیان بۆ رووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە گرتووەتەبەر، لە هۆڵەندا تاوەکو ئێستا 382 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، هەر بەهۆی ڤایرۆسەکەشەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە جیهانیشدا ژمارەی تووشبووان روو لە هەڵکشانە و تاوەکو ئێستا 116 هەزار و 694 کەس تووشبوون، چوار هەزار و 90 کەس گیانیان لەدەستداوە و 64 هەزار و 391 کەسیش چاکبوونەتەوە.
Top