سەرجەم نەخۆشخانەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە ووهان داخران

سەرجەم نەخۆشخانەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە ووهان داخران
تەلەڤزیۆنی فەرمیی چین بڵاویکردەوە، سەرجەم نەخۆشخانەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری ووهان لە چین داخراون کە ژمارەیان 14 نەخۆشخانە بوون.

دوایین نەخۆشخانەی شاری ووهان کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 10-3-2020 داخراوە کە هەزار و 564 قەرەوێڵەی هەبووە، یەکەمجار لە کاژێر 9ی شەوی 5ی شووبات یەکەمین تووشبووی کۆرۆنا بۆ چارەسەرکردن برایە ناوی و لە ماوەی 34 رۆژی رابردوودا هەزار و 848 تووشبووی وەرگرتووە.

چینییەکان دڵخۆشن، پزیشکێک دەڵێت، دەبێ ئەم رۆژە بکەنە رۆژێکی مێژوویی.

رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بەرەو کەمبوونەوە دەچن، رۆژی دووشەممە 9-3-2020 تەلەڤزیۆنی فەرمیی چین داخستنی 11 نەخۆشخانەی ووهانی راگەیاندبوو.

لە جیهاندا تاوەکو ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە چوار هەزار و 88 کەس گیانیان لەدەستداوە، 116 هەزار و 166 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و 64 هەزار و 387 کەسیش چاکبوونەتەوە. زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدان لە چینە، بەدوای ئەودا ئیتاڵیا لە پلەی دووەم دێت و 463 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئێران پلەی سێیەمە و 291 کەس گیانیان لەدەستداوە، کۆریای باشووریش لە پلەی چوارەمە و لانیکەم 54 کەس گیانیان لەدەستداوە.
Top