ئەمریکا دەستیکردووە بە کشاندنەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان

 ئەمریکا دەستیکردووە بە کشاندنەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان
لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئەمریکا و بزووتنەوەی تاڵیبان، ئەمریکا دەستیکردووە بە پرۆسەی کشاندنەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان.

بەپرسێکی سەربازی ئەمریکی بەبێ ئەوەی ناوەکەی ئاشکرا بکات رایگەیاندووە، قۆناخی سەرەتایی کشاندنەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان دەستیپێکردووە.

بەپێی رێککەوتنی نێوان بزوووتنەوەی تاڵیبان و ئەمریکا، دەبێت لەماوەی 10 رۆژ لە دوای واژۆکردنی رێککەوتەنەکە، واشنتن دەست بە کشاندنەوەی هێزەکانیان لە ئەفغسانتان بکات و لەماوەی 14 مانگیشدا پرۆسەی کشاندنەوەکە تەواو بکات.

ئێستا ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان 13 هەزار سەرباز دەبن، بەپێی رێککەوتنەکەش، ئەمریکا لە قۆناخی یەکەمدا هەشت هەزار سەرباز لە ئەفغانستان کەمدەکاتەوە.

رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان لە 29-2-2020 لە قەتەر واژۆ کرا.

گفتوگۆ چڕەکانی نێوان ئەمریکا و نوێنەرانی تاڵیبان لە ساڵی 2018وە لە دەوحەی قەتەر دەستیان پێکردووە و یەکێك لە بڕگە گرنگەکانی بریتییە لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بە دوو قۆناخ.

قۆناخی یەکەم دوای چوار مانگ و دوو هەفتە دەست پێدەکات کە تێیدا ئەمریکا لە کۆی 14 هەزار سەرباز کە لە ساڵی 2001وە لە ئەفغانستان جێگیری کردوون، هەشت هەزار و 600 سەرباز دەکشێنێتەوە. قۆناخی دووەم بریتییە لە کشانەوەی ئەو پێنج هەزار و 400 سەربازەی کە دەمێننەوە، ئەوەش لە ماوەی 14 مانگ لە کشانەوەی بەشی یەکەمی سەربازەکان دەست پێدەکات.

بەشێک لە بەندەکانی رێککەوتنی ئاشتیی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا:

- قۆناخی یەکەم: لە ماوەی 135 رۆژدا هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بۆ هەشت هەزار و 600 سەرباز کەمدەکرێنەوە

- قۆناخی دووەم: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ماوەی 14 مانگدا هەموو هێزەکانیان دەکشێننەوە

- هێزە چەکدارەکانی تاڵیبان و گرووپە "جیهادییەکان"ـی دیکە دەستبەرداری شەڕ بن

- تاڵیبان لەگەڵ حکومەتی کابوڵ دەست بە دانوستان بکات

- ئەمریکا و تاڵیبان بەندکراوەکانیان دەگۆڕنەوە وەکو نیەتپاکی و دووپاتکردنەوەی پابەندبوون بە رێککەوتنەکە

- پێنج هەزار بەندکراوی تاڵیبان لەگەڵ هەزار بەندکراوی حکومەتی کابوڵ دەگۆڕدرێنەوە






رووداو -
Top