دامەزرێنەرێکی ئاکپارتی پارتێکی جیا رادەگەیێنێت
رۆژی 9ی ئاداری 2020 نوسراوی داواکاریی دامەزراندنی پارتەکە پێشکەش بە وەزارەتی ناوخۆ کرا.
ئیدریس شاهین، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی پارتی دەوا رایگەیاند، "پشت بە خوا ئەم پارتەی دامانمەزراندووە بە 90 ئەندامی دامەزرێنەرانەوە بۆ گەل و وڵاتمان دەبێتە هیوا. لە هەمووشی گرنگتر، بۆ ژنان، گەنجان و منداڵانمان دەبێتە ئاییندەیەکی پڕشنگدار. بەختەوەرییەکەی ئێمە هی ئەوانیشە. هیوادارین پارتەکەمان ببێتە مایەی خێر".
دەستەی دامەزرێنەرانی پارتی دەوا کە 90 کەسن، زۆربەیان ئەندامی پێشووی ئاکپارتین.
عەلی باباجان، سەرۆکی گشتیی پارتەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە دوورەوە لەلایەن عەبدوڵا گیول، سەرۆککۆماری پێشووی تورکیاوە پشتیوانی دەکرێت.
باباجان لەو بارەیەوە لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، گیول هیچ پۆستێکی لە پارتەکەدا نابێت و تەنیا لە دوورەوە بە ئەزموونی چەندین ساڵەی خۆی هاوکارییان دەکات.
عەلی باباجان لە نیسانی ساڵی 1967 لە ئەنقەرە لەدایکبووە. ماستەری لە زانکۆی نۆرس وێستی ئەمریکا تەواوکردووە، ئەندازیاری پیشەسازییە و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتی بووە. سێجار بە پەرلەمانتار هەڵبژێردراوە. ساڵانی 2005-2009 سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکانی تایبەت بە ئەندامبوونی تورکیای لە یەکێتییی ئەوروپا کرد . ساڵانی 2002-2007 وەزیری ئابووری بووە. ساڵانی 2007-2009 وەزیری دەرەوە بووە. ساڵانی 2009-2015 جێگری سەرۆکوەزیران بووە. خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە.
لۆگۆی پارتەکە رەنگێکی کاربۆنییە، دڵۆپێکە لەنێویدا دوو گەڵا هەن. لە خوارەوەش بە پیتی بچووکی لاتینی نووسراوە "deva".
دەوا دووەم پارتی سیاسییە لە ناواخنی ئاکپارتییەوە دەربچێت. پێشتر ئەحمەد داودئۆغلو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا بە هەمان شێوە لە ئاکپارتی جیابووەوە و پارتی ئایندەی راگەیاند.
رۆژی چوارشەممە 11-03-2020 لە هۆتێلی بیلکێنت لە ئەنقەرە، لە رێوڕەسمێکدا پارتی دیموکراسی و پێشوەچوون (دەوا) بە فەرمی رادەگەیێنرێت.
